لە بارەی پرسی هەڵبژاردنەوە باڵوێزی ئەمەریکا لەگەڵ بارزانی کۆدەبێتەوە


لە ماوەی هەفتەیەکدا بۆ دووەمجار ئەلینا رۆمانسکی باڵوێزی ئەمەریکا لە عێراق لە بارەی هەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستانەوە، سەردانی مەسعود بارزانی سەرۆکی پارتی لە سەلاحەدین دەکات.

میدیاکانی پارتی بڵاویانکردەوە لە دیدارەكەدا ڕۆشنایی خراوەتە سەر بارودۆخی ناوخۆی هەرێمی كوردستان و هەڵبژاردنی پارلەمانی كوردستان، وەک لە راگەیاندنەی پارتیدا هاتووە" باڵیۆزی ئەمەریكا لە عێراق ئەوەی خستەڕوو كە لە نیگەرانی و تێبینیەكانی پارتی لەمەڕ هەڵبژاردن تێدەگەن و داواكاری و مەرجەكانی پارتیان لەگەڵ یونامی و لایەنە سیاسیەكانی عێراقی باسكردووە و ئەمەریكا خوازیاری ئەوەیە كە هەرێمی كوردستان بەهێز و سەقامگیر بێت و لەگەڵ لایەنەكانی تر بۆ گەیشتن بە چارەسەر لە دیالۆگ بەردەوام بێت".

هەر لەو دیدارەدا بارزانی ئاماژەی بەوەدا كە پارتی هەمیشە لەگەڵ بەڕێوەچوونی هەڵبژاردن بووە، بەڵام لایەنەكانی تر دووساڵ بەربەست بوون لە بەڕێوەچوونی هەڵبژاردن و ئێستاش بە پشتیوانی دەرەكی هاتوون لەڕێگەی دامەزراوەیەكی نادەستووری شێوازێكی وا لە بەڕێوەچوونی هەڵبژاردن دەسەپێنن كە دوورە لە بنەما یاسایی و دەستوورییەكان".

وەک لە راگەیاندنی پارتیدا هاتووە " بارزانی هێماشی بەوەدا كە شەڕی برسیكردنی خەڵكی كوردستانیان كردووە بۆ بێزاركردنی خەڵك. عێراق لەمێژە سیاسەتی گۆشەگیركردن و لاوازكردنی هەرێمی كوردستانی گرتووەتەبەر و ئێستایش دادگەی فیدڕاڵ وەك چەك و ئامرازێك بۆ بەردەوامیی ئەو سیاسەتە بەكار دەهێندرێت".

بارزانی جەختیکردۆتەوە، پارتی لەگەڵ هەڵبژاردندایە، بەڵام لەگەڵ هەڵبژاردنێك دایە كە شەفاف بێت و تەعبیر لە ئیرادەی گەلی كوردستان بكات و دوور بێت لە دەستوەردانی دەرەكی و سەپاندنی شێوازی نایاسایی بە جۆرێك كە پێش ئەنجامدانی هەڵبژاردن، ئەنجامەكان لە  بەرژەوەندیی خۆیان یەكلایی بكەنەوە. ناشكرێ هەڵبژاردن بەڕێوەبچێت بە بێ بەشداریی پێكهاتەكان و پارلەمانێك پێك بهێندرێت كە نوێنەری پێكهاتەكانی تێدا نەبێت، هاوكات پارتی كۆمەڵێك سەرنج و تێبینیی تەكنیكی هەیە لەسەر دابەشكردنی كورسیی پارێزگاكان و شێوازی كاری كۆمیسیۆن".

بارزانی ئەوەشی دووپات كردەوە " گرفتەكانی هەرێمی كوردستان تەنیا هەڵبژاردن نیە بەڵكو بڕینی قووت و مووچەی خەڵك و پەلاماردان بۆ سەر هەرێم و گرتنەبەری سیاسەتی نادروستە لەدژی هەرێمی كوردستان".

لە درێژەی قسەكانیدا بارزانی ڕایگەیاندووە" ئەگەر هەموو لایەنەكان خوازیاری ئەوە بن كە پارتی بەشداری هەڵبژاردن بێت خۆ دەبێ ڕەچاوی تێبینی و سەرنجەكانی پارتیش بكەن بۆ بەڕێوەچوونی هەڵبژاردنێكی شەفاف و بێگەرد كە لە خزمەتی سەقامگیری و پڕۆسەی دیموكراسیدا بێت. هەڵبژاردنێك كە بە ئەجیندای دەرەكی و بە دەستوەردانی نایاسایی و نادەستووری بۆ سەپاندنی شەرعیەتێكی ساختە بەڕێوەبچێت چ جۆرە سەقامگیرییەك بەدی دەهێنێت و چۆن تەعبیر لە ئیرادەی ڕاستەقینەی دەنگدەران دەكات؟".( راگەیاندنی پارتیدا هاتووە).

بارزانی جەختی لەوە كردەوە كە هەڵوێستی پارتی و تێبینیەكانی زۆر ڕوونن و داواشی لە كۆمەڵگەی نێودەوڵەتی و لایەنە سیاسیەكانی عێراق كرد كە پاڵپشتی هەڵبژاردنێكی بێگەرد و شەفاف و یاسایی و دوور لە هەر جۆرە دەستوەردانێك بن.

ئەمە لەم هەفتەیدا لەسەر پرسی هەڵبژاردن دووەمجارە باڵوێزی ئەمەریکا سەردانی بارزانی و هەرێم بکات، تا ئێستا روون نییە دوا هەڵوێستی پارتی لە بارەی بەشداریکردنی لەهەڵبژاردن چییە، لە کاتێکدا دوا نیوەڕۆی سبەی یەک شەممە کاتی کۆمسیۆن بۆ پێشکەشکردنی ناوی کاندیدەکان کۆتایی دێت، لە کاتێکدا کە کۆمسیۆن سێ رۆژ ئەو وادەیەی لە ٢٨ مانگەوە لەسەر داوای سەرۆکی هەرێم درێژکردەوە. 



PM:07:06:30/03/2024