مەسعود بارزانی: بە ئاشكرا پەنا بۆ دەستی دەرەكی برا بۆ ئەوەی كێشە بۆ هەڵبژاردنێكی پاك دروست بكرێت

ئەمڕۆ سەرۆکی پارتی و کۆنسوڵی فەڕەنسا کۆبوونەوە و لە کۆبوونەوەکەدا سەرۆکی پارتی دووپاتی کردەوە کە " كە پارتی بنیاتنەری شەرعیەت و هەڵبژاردنی هەرێم بووە"، و دەڵێت" بە ئاشكرا پەنا بۆ دەستی دەرەكی و دادگەی فیدڕاڵ بردرا بۆ ئەوەی كێشە بۆ هەڵبژاردنێكی پاك و بێگەرد دروست بكرێت".

ئەمڕۆ دووشەممە  لە سەلاحەددین مەسعود بارزانی سەرۆکی پارتی پێشوازی لە یان برایێم كونسوڵی گشتیی فەڕەنسا لە هەولێر كرد.

لەدیدارەكەدا ڕۆشنایی خرایە سەر بابەتی هەڵبژاردنی پارلەمانی هەرێم و هەڵوێست و تێبینیەكانی پارتی لەسەر هەڵبژاردن و كونسوڵی فەڕەنسا لە هەولێر وێڕای ئاماژەدان بە بایەخی هەڵبژاردن لە هەرێمی كوردستان ڕایگەیاند" وڵاتەكەی لەگەڵ ئەوەیە كە هەرێمی كوردستان بەهێز و سەقامگیر بێت و ئاڵۆزی و نیگەرانییەكانی نێوان لایەنە سیاسییەكانی هەرێم چارەسەر بكرێن".

کۆنسوڵی فەرەنسا هەروەها ئامادەیی وڵاتەكەشی نیشان دا بۆ هاوكاریكردنی لایەنەكانی هەرێمی كوردستان لەپێناو تێپەڕاندنی قەیرانە سیاسیەكان و چارەسەركردنی گرفتەكان لەگەڵ حكوومەتی عێراقی فیدڕاڵ.

هەر لەو دیدارەدا  بارزانی ستایشی ڕۆڵی فەڕەنسای كرد كە پشتیوانی دۆزی گەلی كوردستان بووە و پەیوەندیی نێوان گەلی كوردستان و گەلی فەڕەنسای بە پەیوەندییەكی مێژوویی و بێوێنە وەسف كرد.

 بارزانی ئەوەی دووپاتكردەوە" كە پارتی بنیاتنەری شەرعیەت و هەڵبژاردنی هەرێم بووە، ماوەی دوو ساڵە پارتی هەموو هەوڵێكی دا كە هەڵبژاردن لە كاتی خۆیدا ئەنجام بدرێت بەڵام ڕێگریی لە بەڕێوەچوونی هەڵبژاردن كرا، بە ئاشكرا پەنا بۆ دەستی دەرەكی و دادگەی فیدڕاڵ بردرا بۆ ئەوەی كێشە بۆ هەڵبژاردنێكی پاك و بێگەرد دروست بكرێت".

وتیشی"  بێبەشكردنی پێكهاتە نەتەوەیی و ئایینیەكان لە هەڵبژاردن، بێبەشكردنی سەدانهەزار دەنگدەر لە دەنگدان، بێبەشكردنی هەڵەبجە لە ژمارەی حەقیقیی كورسیەكان و سەپاندنی ڕێوشوێنی نادروست لە بەڕێوەچوونی هەڵبژاردن، وا دەكات كە هەڵبژاردن تەعبیر لە دەنگی ڕاستەقینەی خەڵكی كوردستان نەكات".

 مەسعود بارزانی ئەوەشی خستەڕوو" پارتی لەگەڵ ئەوەیە كە هەڵبژاردنێكی پاك و ئازاد بە بێ دەستێوەردان و دیزاینی پێشوەختە بەڕێوەبچێت. هەڵوێستی پارتیش لەبەر ئەوە بووە كە پیلانی دەستبەسەردارتنی ئیرادەی خەڵكی كوردستان سەرنەگرێت".

لە بەشێكی تری ئەو كۆبوونەوەیە بارزانی ئاماژەی بەوەدا کە پێویستە هەموو ئەو كەموكوڕیە تەكنیكی و پێشێلكارییە دەستووری و یاسایانە چارەسەر بكرێت و ئیرادە و دەنگی ڕاستەقینەی گەلی كوردستان دوور لە پیلان و ئەنجامی پێشوەختە سەر بگرێت. داواشی كرد كۆمەڵگەی نێودەوڵەتی هاوكار بێت بۆ چاودێری و گەرەنتیكردنی هەڵبژاردنێكی ئازاد و ڕاستەقینە كە لە خزمەت شەرعیەت و دەنگی ڕاستەقینەی گەلی كوردستان بێت.



PM:06:02:01/04/2024