مەسرور بارزانی: پێویستە بۆ هەڵبژاردن ڕێز لە قەوارەی دەستووریی هەرێم بگیرێت

ئەمڕۆ سەرۆکی حکومەتی هەرێم پێشوازی لە نوێنه‌ری تایبه‌تیی سكرتێری گشتیی نه‌ته‌وه‌ یه‌كگرتووه‌كان له‌ عێراق کرد و لەبارەی ئەنجامی هەڵبژاردنەکان لە کوردستان گفتوگۆیان کرد و لە کۆبوونەوەکەدا سەرۆکی حکومەت وتی" پێویستە هەڵبژاردن لە بارودۆخێکی ئاسایی و یاسایی  و دوور لە دیزاینی پێشوەختە ئەنجام بدرێت و ڕێز لە قەوارەی دەستووریی هەرێمی کوردستان و مافەکانی پێکهاتە نەتەوەیی و ئاینییەکانی کوردستانیش بگیرێت".

ئەمڕۆ  سێشەممە ٢ی نیسانی ٢٠٢٤ مەسرور بارزانی، سه‌رۆكی حکومەتی ( ماوە بۆ دریژکراوەی) هه‌رێمی كوردستان، پێشوازی لە جینین پلاسخارت، نوێنه‌ری تایبه‌تیی سكرتێری گشتیی نه‌ته‌وه‌ یه‌كگرتووه‌كان له‌ عێراق کرد.

بە گوێرەی راگەیاندنەکە بابەتی سەرەکیی کۆبوونەوەکە، گرنگیی ئەنجامدانی هەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستان بوو. سەرۆکی حکومەت وێڕای دووپاتکردنەوەی پشتیوانیی خۆی بۆ ئەنجامدانی هەڵبژاردن، ئاماژەی بەوە دا کە پێویستە هەڵبژاردن لە بارودۆخێکی ئاسایی و یاسایی و دوور لە پێشێلکاریی دەستووری و دەستوەردان و دیزاینی پێشوەختە ئەنجام بدرێت و ڕێز لە قەوارەی دەستووریی هەرێمی کوردستان و مافەکانی پێکهاتە نەتەوەیی و ئاینییەکانی کوردستانیش بگیرێت.

مەسرور بارزانی هەروەها جەختی لە گرنگیی ڕۆڵی کۆمەڵگەی نێودەوڵەتی لە چاودێریکردنی پرۆسەی هەڵبژاردن کردەوە بۆ ئەوەی بە شێوەیەکی پاک و بێگەرد بەڕێوە بچێت.

لە کۆتایی کۆبوونەوەکەدا هەردوولا هاوڕابوون لەسەر نەهێشتنی کێشە و گرفتەکانی بەردەم هەڵبژاردن و گەیشتنی لایەنەکان بە چارەسەر لە پێناو پاراستنی پرۆسەی دیموکراسی و سەقامگیریی هەرێمی کوردستان.



PM:07:02:02/04/2024