ئینستتیۆتی پەی بۆ نێچیرڤان بارزانی: با هیچی تر هەڵبژاردن دوانەخرێ تا شەرعیەتی هەرێم نەكەوێتە ژێر پرسیارەوە

ئینستتیۆتی پەی بۆ پەروەردەو گەشەپێدان سەبارەت بە هەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستان نامەیەکی کراوەیان ئاراستەی سەرۆکی  ( ماوە بۆ درێژکراوەی) هەرێمی کوردستان، نێچیرڤان بارزانی کردووە و تێێدا داوایان کردووی کە " با هیچی تر هەڵبژاردن دوانەخرێ تا شەرعیەتی هەرێم نەكەوێتە ژێر پرسیارەوە".

لە نامەکەدا هاتووە" لە ئێستاشدا پرۆسەی سیاسی لە هەرێمی كوردستان بە دۆخێكی هەستیارو مەترسیداردا گوزەر دەكات، ئەم دۆخەی خولقاوە لەبنەڕەتدا وەك پیلان بە هەماهەنگی و ژێر بەژێری دەوڵەتە هەرێمییەكان و بە ئاگاداری عیراق بەرێوە دەچێت بۆ گێڕانەوەی هەرێمی كوردستان بۆ چوارگۆشەی سفر، كە ناكرێ ئەو راستیەش فەرامۆش بكرێت خودی هێزە سیاسییە خۆماڵیەكان (بەتایبەتی پارتی و یەكێتی) ڕێَگەخۆشكەر و هۆكاری سەرەكین، چونكە كارتی بیانویان بەدەستەوە داوە".

هەروەها دەڵێن" ئەگەر پێشتر یەكێتی بیانووی جیاجیای هەبوو بێت بۆ دواخستنی هەڵبژاردنەكان، ئەوەتا ئێستا پارتی بە بیانوی جۆراوجۆرەوە راستەوخۆ بایكۆتی كردووە، ئەم سیاسەتەش هەرێم دەخاتە بەردەم ترازان و تێكچونی پەیوەندییەكان".

دەقەی نامەکە بەم شێوەیەیە: 

نامەیەكی كراوە بۆ بەڕێز نێچیروان بارزانی

سەرۆكی هەرێمی كوردستان
 
با هیچی تر هەڵبژاردن دوانەخرێ تا شەرعیەتی هەرێم نەكەوێتە ژێر پرسیارەوە
 
پاش سڵاو و رێز...

بەپێی یاسای ژمارە (1)ی ساڵی 2005 ی سەرۆكایەتی هەرێمی كوردستان، بەڕێزتان لەسەر ئاستی ناوخۆ و دەرەوەش نوێنەرایەتیی هەرێم دەكەن و بە ناویەوە دەدوێن، ئەركی بەڕێزیشتانە هەماهەنگی لە نێوان دەســـەڵاتە فیدرالیەكان و دەســــەڵاتەكانی هەرێمدا بكەن. بە پێی هەمان یاسا كاتێ هەرێمی كوردستان و سیستەمە سیاسییەكەی، یان ئاسایشی گشتی، یان دامودەزگا دەستوورییەكانی بكەونە مەترسییەوەو هەڕەشە لە بوونیان بكرێت، بەڕێزتان بەرپرسن لە پاراستنیان. لە هەمان كاتدا مولزەمیشن بەوەی هەڵبژاردنەكان لەكاتی خۆیاندا بكرێن  و زەمینەی لەبار بۆ ئەنجامدانیان بڕەخسێنرێت.

لە ئێستاشدا پرۆسەی سیاسی لە هەرێمی كوردستان بە دۆخێكی هەستیارو مەترسیداردا گوزەر دەكات، ئەم دۆخەی خولقاوە لەبنەڕەتدا وەك پیلان بە هەماهەنگی و ژێر بەژێری دەوڵەتە هەرێمییەكان و بە ئاگاداری عیراق بەرێوە دەچێت بۆ گێڕانەوەی هەرێمی كوردستان بۆ چوارگۆشەی سفر، كە ناكرێ ئەو راستیەش فەرامۆش بكرێت خودی هێزە سیاسییە خۆماڵیەكان (بەتایبەتی پارتی و یەكێتی) ڕێَگەخۆشكەر و هۆكاری سەرەكین، چونكە كارتی بیانویان بەدەستەوە داوە! ئەگەر پێشتر یەكێتی بیانووی جیاجیای هەبوو بێت بۆ دواخستنی هەڵبژاردنەكان، ئەوەتا ئێستا پارتی بە بیانوی جۆراوجۆرەوە راستەوخۆ بایكۆتی كردووە، ئەم سیاسەتەش هەرێم دەخاتە بەردەم ترازان و تێكچونی پەیوەندییەكان، تا ئەگەری پێكدادان و توندوتیژی و دەستێخستنی زیاتری عیراق و دەوڵەتە هەرێمیەكان لە ناوخۆی هەرێم.

بەردەوام بوونی ئەم رەوشە دەبێتە مایەی ئەوەی چارەنوسی حكومەتی هەرێم خۆی لە كەرتبووندا ببینێتەوە، لەوەش خراپتر دوای ئەم قۆناغە ئەگەری هەمواركردنەوەی دەستور لەعیراقدا دەبێتە دیفاكتۆ، ئەو كاتەش كورد توانای رێگریكردنی نابێت و پەشیمانی داد نادات، بەمەش شتێك بەناوی كیانی سیاسی یەكگرتوو لەباشوری كوردستاندا نامێنێ.

بۆ دەرباز بوون لەو دۆخە ترسناكە، ئەركی بەڕێزتانە وەك سەرۆكی هەرێم دەسەڵاتی خۆتان بەكار بێنن و بەرپرسیارێتی مێژووییتان لەبەرچاو بگرن، بە سیاسەتێكی ژیرانەوە هەڵسوكەوت لەگەڵ یەكەیەكەی رووداو و لایەنەكاندا بكەن، بە جۆرێك نە قەوارەی هەرێم زیانمەند بێت و ئەزمونەكە بكەوێتە بەردەم هەڕەشەوە، نە هەڵبژاردنیش بكەوێتە تونێلێكی داخراوەوە. بۆ ئەمەش پێویستە زەمینەیەكی لەبار بۆ هاوڵاتیان و لایەنە سیاسیەكان بڕەخسێنرێت بۆ پرۆسەی هەڵبژاردن، تا هەم خەڵكی بەشداری بكەن و متمانەیان پێی هەبێت، هەم لایەنە سیاسیەكانیش دوای هەڵبژاردنەكە ئەنجامەكانی قبوڵ بكەن، نەك كێشەی لێ بكەوێتەوە.

هەرچەندە لە رابردوودا بەڕێزتان بەئەركی یاسایی خۆتان هەڵساون بەوەی چوار جار و بە چوار مەرسومی جیاواز وادەی هەڵبژاردنتان دەستنیشانكردووە، كە بریتیبوون لە (1/10/2022)، (18/11/2023)، (25/2/2024)، لە سێ وادەی یەكەمدا هەڵبژاردن دواخرا، بەپێی ئەو رەوشەی دەگوزەرێت لەوەناچێ دوا وادەش كە (10/6/2024)ە هەڵبژاردن ئەنجامبدرێت.
بەڕێز سەرۆكی هەرێمی كوردستان...

ناكرێ بانگەشەی دیموكراسیەتبكەین، كەچی هیچكام لە هەڵبژاردنەكان لە ساتی خۆیاندا ئەنجامنەدرێن و هەمیشە دوابخرێن، هەر جارەی بە بیانو و هۆكارێك، هەرجارەی لایەنێك بۆ سەپاندنی مەرجەكانی خۆی، پەكی پرۆسەكە بخات و هەرێم بخرێتە بۆشایی یاساییەوە، چونكە لە غیابی پەرلەمان و ئەنجومەنی پارێزگاكاندا، غیابی یاسا دێتەكایەوە، دامەزراوەكانی تریش پەكیان دەكەوێت و هەرێم زیانمەند دەبێت، بۆیە دەبێت ئەو دامەزراوانە كارا بكرێنەوە، جگە لەوەی هەرێم پێویستی بە شەرعیەتە، پێویستیشی بەو دامەزراوانە هەیە، جگە لەوەی هەڵبژاردن پێویستیەكی دیموكراسیە، دەستەبەری پاراستنی قەوارەكەشە، چونكە بە هەڵبژاردن جارێكی تر دامەزراوەكان نوێ دەبنەوەو دەستبەكار دەكەنەوە، بۆیە ئەگەر هەر هەنگاوێك دەگیرێتەبەر دەبێ لەپێناو دەستەبەری ئەمجارەی ئەنجامدانی هەڵبژاردندا بێت.

ئەگەر ئەم رەوشەی دەگوزەرێت بەردەوامبێت، تەواوی پرۆسەی سیاسی لە هەرێم و هاوڵاتیانی رووبەڕووی تەنگژەیەكی تر دەبنەوە، بەرەو تونێڵێك دەربردرێن كە كۆتاییەكەی نەك هەر ڕوون نیە، بەڵكو مەترسیداریشە، دوور نیە هەرێمی كوردستان بكەوێتە قەیرانێكی ترەوە كە چارەسەركردنی ئەستەم بێت. لەبەر ئەوە چاكتر وایە هەوڵبدرێ دەرچەیەكی سیاسی و یاسایی بدۆزرێتەوە و هەرێم و خەڵكەكەی لەو تەنگژە پڕ مەترسیە دەرباز بكرێن، بەجۆرێك كەمترین زیانی لێ بكەوێتەوە.

بەڕێز سەرۆكی هەرێم...

لەم پێناوەدا داوا لە بەڕێزتان دەكەین بە رۆڵی خۆتان هەڵسن، لەگەڵ لایەنە پەیوەندیدارە ناوخۆیی و نێودەوڵەتیەكان و هێزە سیاسیەكانی هەرێمی كوردستان، بۆ ئەوەی هەردوو تەوەر و ئاراستە بەیەكەوە هاوتەریب بەڕێوە بچن، هەم هەرێم پارێزراو بێت و هەم هەڵبژاردنیش ئەنجامبدرێت.

بۆ ئەم مەبەستە پێویستە لەسەر ئاستی دەرەكیدا راوێژ لەگەڵ یۆنامی و نوێنەرانی كونسولخانەكاندا بكرێت و هاوپەیمانەكان وەك پاڵپشت بخرێنە سەر خەت،  دانوستان لەگەڵ عیراقی فیدرالدا بكرێت بۆ چارەسەری گرفتەكان، لەپێناو قوتی هاوڵاتیاندا پەیوەندییەكانی هەرێم و بەغدا بۆ قۆناغێكی ئاسایی بگێڕنەوە. لەسەر ئاستی ناوخۆشدا، كۆبوونەوەیەكی لوتكەی حیزبەسیاسیەكان ئەنجام بدرێت، راوێژ و پرسوڕایان پێ بكرێت، كۆدەنگییەك بهێنرێتە كایەوەو هەمووان بەیەكەوە هەرێم و قەوارەكەی لە غیابی شەرعیەت دووربخەنەوە، پێویستە دەرچەیەك بدۆزنەوە بە ئاراستەی پاراستنی ئەزمونەكە و گەشەپێدانی، كە لەسایەیدا هاوڵاتیان ئاشت بكرێنەوە، لەپاڵیشیدا هەڵبژاردنیش بە تونێلێكی نادیار و داخراو نەسپێردرێت، كە ئەمە تاكە دەستەبەری مانەوەی هەرێم و حكومەتە یەكگرتووەكەیەتی. بە پێچەوانەوە هەرێم دەكەوێتە قۆناغی پیلانگێڕیەكی خۆبەخۆی ناوخۆی ترسناك، كە نە دۆخی كوردستان نە دۆخی ناوچەكەش بەرگەی قەیرانێكی تر ناگرێت، بۆیە ئەركی یاسایی، سیاسی، مێژوویی و ئەخلاقیی بەڕێزتانە هەرێم لەم دۆخە نەخوازراوە دوور بخەنەوە تا تەڕو وشكی تیادا نەسوتێنرێت، چونكە دواتر پەشیمانی دادی كەس نادات. تکایە با نەوەی ئەمڕۆی کوردستان سەرگەردان نەبن و نەوەکانی داهاتوش نائومێد نەکرێن و تۆمەتبارمان نەکەن بەوەی خودی کورد خۆی هۆکاری پێچانەوەی خوانی بەتەمەنترین ئەزموون و قەوارەی خۆی بووە لە مێژوودا!
لەگەڵ رێزماندا
 
 
ئینستتیۆتی پەی بۆ پەروەردەو گەشەپێدان
2/4/2024
 



PM:08:16:02/04/2024