نێچێرڤان بارزانی سەردانی بەغدا دەکات

نێچیرڤان بارزانی سەرۆکی هەرێم بە مەبەستی گفتوگۆ لەسەر کێشە هەمەلایەنەکانی نێوان هەرێم‌و حکومەتی فیدراڵ سەردانی بەغدا دەکات.
 
دڵشاد شەهاب، وتەبێژی سەرۆکایەتی هەرێمی کوردستان بە رووداوی راگەیاندوەە" سەرۆکی هەرێمی کوردستان لەسەر مەلەفی بودجە و مووچە، نەوت و هەناردەکردنەوەی، هاوکات پەیوەندییەکی تەندروست و باش لەنێوان هەولێر و بەغدا گفتوگۆ لەگەڵ بەرپرسانی عێراق دەکات".
 
لە درێژەی لێدوانەکەیدا دەشڵێت"بەپێی یاسا و وەکو کارەکتەرێکی کاریگەر و بەهێزی کوردستان و عێراق، نێچیرڤان بارزانی بەرپرسە لە رێکخستنی پەیوەندییەکانی نێوان هەولێر و بەغدا، چارەسەرکردنی کێشە و تەنگژەکان، نەهێشتنی گرفتە ئابوورییەکان لەنێویاندا مەلەفی بودجە و مووچە و نەوت".

ئەو سەردانە لە کاتێکدایە کە سودانی ١٥ ی نیسان سەردانی ئەمەریکا دەکات و لەگەڵ بایدن سەرۆکی ئەو وڵاتە کۆدەبێتەوە، ماوەیەکە هەست بە نەرمی نواندنێکی زۆر لە بەغداوە بەرامبەر هەرێم دەکرێت بەتایبەتی لە بواری مووچەدا، ناوەندە سیاسییەکان ئاماژە بۆ ئەوە دەکەن کە ئەو نەرمییە کاتییەوە سودانی دەیەوێت لەسەردانەکەیدا بۆ واشنتۆن هیچ بوارێک نەهێڵێتەوە بۆ بەرپرسانی ئەمەریکا تا لەبارەی پەیوەندی بەغداو هەرێمەوە گلەیی لێبکەن، هەندێک ناوەندی تر ئاماژە بۆ ئەوە دەکەن کە نەرمییەکەی سودانی پەیوەندی بەو سەردانەوە هەیەو کاتیەو دوای گەڕانەوەی کێشەکان سەرلەنوێ دەستپێدەکەنەوە.



PM:09:49:04/04/2024