نێچیرڤان بارزانی: دەبێت بەغدا مووچەی هەرێمی کوردستان گەرەنتی بکات

سەرۆکی هەرێمی کوردستان ڕایگەیاند" دەیانەوێت مووچە بە شێوەیەکی بنەڕەتی چارەسەر بکرێت و چیتر نەبێتە هەواڵ".

ئەمڕۆ یەکشەممە، نێچیرڤان بارزانی، سەرۆکی( ماوە بۆ درێژکراوەی) هەرێمی کوردستان دوای سەردانێکی بۆ لای د. لەتیف رەشید سەرۆک کۆمار لە بەغدا، بە ڕۆژنامەنووسانی ڕاگەیاند" لە پەیوەندییەکی بەردەوامیدان بۆ ئەوەی مووچە بە شێوەیەکی بنەڕەتی چارەسەر بکرێت و چیتر نەبێتە هەواڵ".

جەختیشیکردەوە لەوەی دەبێت بەغدا مووچەی، مووچەخۆرانی هەرێمی کوردستان گەرەنتی بکات بەو پێییەی ئەوانیش بەشێکن لە مووچەخۆرانی عێراق.

نێچیرڤان بارزانی، وتیشی" سوپاسی خۆڕاگری خەڵکی هەرێمی کوردستان".

ئەمڕۆش وەزارەتی دارایی هەرێمی کوردستان ڕایگەیاند" وەزارەتی دارایی عێراق ٤٣٠ ملیار دینار مووچەی مانگی ئازاری بۆ هەرێم نارد".


PM:12:30:07/04/2024