ئیسرائیل: وەڵامی سەربازی بە ئێران دەدەینەوە و دەمانەوێت سوپای پاسدارانیش "تیرۆریست" بناسێنرێت

ئیسرائیل دەڵێت" وەڵامی سەربازی بە ئێران دەدەینەوە و داواشمان کردووە کە سوپای پاسداران وەک رێکخراوێکی تیرۆریستیی بناسێنن"، لە بەرامبەردا ئێرانیش هەڕەشەی قورس دەکات.

وەزیری دەرەوەی  ئیسرائیل،(ییسرائیل کاتز) رایگەیاند" هاوکات لەگەڵ وەڵامی سەربازی، ڕێوشوێنه دیپلۆماسییەکانی خۆیان له کاردانەوەی هێرشەکەی ئێران دەستپێدەکەن".

ئیسرائیل کاتز لە نامەیەکدا بۆ ٣٢ وڵات داوای لێکردن کە سوپای پاسداران وەک "ڕێکخراوێکی تیرۆریستی" بناسێنن. 

ناوبراو لە تۆڕی کۆمەڵایەتی (ئێکس) نووسیویەتی ئیسرائیل لە هەڵمەتە دیپلۆماسییەکەیدا داوای لە وڵاتان کردووە سزای زیاتر لە دژی بەرنامەی مووشەکی ئێران بسەپێنن، لە درێژەدا نووسیویەتی "پێویستە ئێران بوەستێنرێت پێش ئەوەی درەنگ بێت".

لە لایەکی دیکەوە بەرپرسانی ئێران هۆشدارییان داوە کە وەڵامێکی "هەمەلایەنە" دەدەنەوە بۆ ئەگەری هێرشی ئیسرائیل، كیومەرس حەیدەری فەرماندەی هێزی زەمینی سوپای ئێران وتی" ئێران ئامادەیە وەڵامی هەر هەڕەشەیەك بداتەوە، لە هەر ئاستێكدا بێت و لە كەمترین ماوەدا".

هاوکات دوابەدوای زیادبوونی هەڕەشەکانی ئیسرائیل بۆ سەر ئێران، ئیبراهیم ڕەئیسی ڕایگەیاند" کە بچووکترین چالاکیی دژ بە بەرژەوەندییەکانی ئێران بە وەڵامێکی فراوان و بە ئازار لە دژی هەموو تاوانبارانی بەرەوڕوو دەبێتەوە".

چەند کاتژمێرێک لەمەوبەر سەرۆکی ئەرکانی سوپای ئیسرائیل بە ڕوونی پشتڕاستی کردەوە کە وەڵامی هێرشەکەی سوپای ئیسرائیل دەداتەوە.





PM:09:23:16/04/2024