ئەردۆغان: رەنگە دواى سەردانەکەم بۆ عێراق سەردانى هەولێر بکەم

سەرۆک کۆماری تورکیا دووپاتی دەکاتەوە کە پرسی ئاو یەکێک دەبێت لە بابەتە گرنگەکانی بەرنامەی کارەکەی لە سەردانەکەیدا بۆ بەغداد، هاوکات ئاماژەی بە سەردانیکردنی بۆ هەولێر دەکات لە دوای بەغداد.

رەجەب تەیب ئەردۆغان سەرۆک کۆمارى تورکیا، دواى کۆبونەوەى کابینەکەى لە ئەنقەرەى پایتەخت، لە میانی گفتوگۆیەکدا بە ڕۆژنامەنوسانی راگەیاند"  سەردانەکەمان بۆ بەغداد گرنگ دەبێت کە پرسى چارەسەرى کێشەى ئاو لە نێوان تورکیا و عێراق ئەجێنداى سەرەکى سەردانەکەمان دەبێت و هەوڵی چارەسەرکردنی ئەم کێشەیە لەگەڵ ئەوان دەدەین". 

وتیشی" ئەوان دەیانەوێت ئێمە چارەسەری بکەین، هەنگاوەکانی ئێمەش بەو ئاراستەیە دەبێت، هەروەها پرسگەلێکی پەیوەست بە غازی سروشتی و نەوت بۆ تورکیا هەیە، ئێمەش هەوڵدەدەین بە هەمان شێوە چارەسەری بکەین". 

ئەردۆغان دوای کۆتاییهاتنی گفتوگۆکانی لە بەغدای پایتەختی عێراق ئاماژەی بە ئەگەری سەردانیکردنی بۆ هەولێر کرد و وتی" ڕەنگە پاش کۆتاییهاتنی کۆبوونەوەکانم لەگەڵ بەرپرسانی عێراق کە بڕیارە ڕۆژی ٢٢ى ئەم مانگە بەڕێوەبچێت سەردانى هەولێریش بکەم". 

دوای هەڵبژاردنەوەی بە سەرۆک کۆماری تورکیا، بڕیارە ڕۆژی دووشەممە ٢٢ی نیسانی ٢٠٢٤ رەجەب تەیب ئەردۆغان سەردانی عێراق بکات و دۆسیەی ئاو و نەوت و گاز لە نێوان هەردوولا تاوتوێ دەکرێت. 


AM:09:51:17/04/2024