نەرمین مەعروف: چاوەڕوان دەکرێت سەرەتای هەفتەی داهاتوو عێراق مووچەی مانگی نیسان بۆ هەرێم بنێرێت

ئەندامێكی لیژنەی دارایی لە پەرلەمانی عێراق رایدەگەیەنێت" لیستی مووچەی مووچەخۆرانی هەرێم گەیشتووەتە بەغداد چاوەڕواندەكرێت لە سەرەتای هەفتەی داهاتوو حكومەتی عێراق مووچەی مانگی نیسان بۆ هەرێم بنێرێت".

نەرمین مەعروف ئەندامی لیژنەی دارایی لە پەرلەمانی عێراق لە لێدوانێكیدا رایگەیاند" لە ئێستادا حكومەتی عێراق وردبینی بۆ لیستی مووچەخۆرانی هەرێم بۆ مانگی نیسان كردووە و چاوەڕواندەكرێت لە دوو رۆژی داهاتوودا وردبینیكردن لە لیستی ناوی مووچەخۆران بەكۆتابهێندرێت".

ئەو پەرلەمانتارە راشیگەیاند" چاوەڕوان دەکرێت سەرەتای هەفتەی داهاتوو حكومەتی عێراق مووچەی مووچەخۆران بۆ مانگی چوار رەوانەی هەرێمی كوردستان بكات''.

نەرمین مەعروف وتیشی" بە پێی بڕیاری دادگای فیدراڵیی عێراق ناردنی پارەی تەرخانكراو بۆ مووچە تا ئەو كاتەی بە بانكی دەكرێت بەردەوامدەبێت، بەڵام پێویستە حكومەتی هەرێم رێوشوێنەكانی بەبانكیكردنی مووچە دەستپێبكات".



PM:09:35:24/04/2024