موقتەدا سەدر هێزەكانی لەشەڕی دژی داعش كشاندەوە

‌موقتەدا سەدر

سەركردەی رەوتی سەدر، موقتەدا سەدر فەرمانی بە میلیشیا شیعەكانی "سەرایال سەلام" كردوە لەسەرجەم ئەوناوچانەی كە تێیدا شەڕی داعشیان دەكرد بكشێنەوە.

لەمبارەیەوە عەبدولعەزیز زالمی، ئەندامی كوتلەی ئەحراری سەر بە رەوتی سەدر لە پەرلەمانی عێراق، لە لێدوانێكی رۆژنامەوانیدا ئاشكرایكرد، موقتەدا سەدری رێبەری رەوتی سەدر، فەرمانی بە هێزەكانی (سەرایال سەلام) كردووە، لە سەرجەم بەرەكانی شەڕ لە دژی داعش بكشێنەوە. روونیشیكردەوە، ئێستە ئەو میلیشیا شیعەیە، لە ناوچەكانی (سامەرا، ئامرلی، جەرەفل سەخر و چەندان ناوچەی دیكە) لە دژی داعش شەڕ دەكەن.

ناوبراو ئەوەشی ئاشكراكرد، سەدر بە شێوەیەكی رەها بوونی هێزەكانی ئەمریكا لە عێراق رەتدەكاتەوە، بەڵام داواكاری هەندێك لایەن بۆ بەشداریكردنی هێزە زەمینییەكانی ئەمریكا لە شەڕی داعش لە عێراق، وای لە رێبەری رەوتی سەدر كردووە، ئەم بڕیارە بدات.

 جەختیشی لەوە كردەوە، كشانەوەی هێزەكانی (سەرایال سەلام) بە پێی پلانێكی داڕێژراو دەبێت، نەك كشانەوەیەكی لەناكاو بێت. دواتریش سەرجەم ئەو شوێنانەی بە دەست ئەو هێزەوەن، رادەستی هێزە ئەمنییەكانی عێراق دەكرێن.



PM:09:40:29/10/2014