بۆ هاتنەناو كوردستان عەرەبەكانی داعش رەگەزنامەكانیان دەكەن بەكوردیی

گۆڕینی بەلێشاوی پێناسی باری شارستانی لەعەربەوە بۆ كورد نیگەرانی دروست دەكات‌و ئەندامێكی پەرلەمانی كوردستان لەمبارەیەوە یاداشتێك ئاراستەی سەرۆكی پەرلەمان دەكات.

بێستون فایەق، ئەندامی پەرلەمانی كوردستان لە یاداشتەكەیدا بۆ سەرۆكی پەرلەمان دەنوسێت: بەرێزان ماوەیەكە عەرەبەكانی سنوری پارێزگای دیالە بەتایبەتی عەشیرەتی كرەوی كە هەموو كات پشتیوانی گروپە تیرۆریستەكان بوون لە دژی كورد، بەتایبەتی لە شەڕی جەلەولا‌و سنوری حەمرین، لە فەرمانگەی رەزگەزنامەی خانەقین‌و سەعیدە‌و جەلەولا‌و بەگشتی لە فەرمانگەكانی رەگەزنامەی سنوری دیالە ناونیشانی پێناسی باری شارستانی خۆیان لە عەرەبەوە دەگۆڕن بۆ كورد (لە عەشیرەتێكی عەرەبییەوە بۆ عەشیرەتێكی كوردی) بۆ ئەوەی بە ئاسانی هاتوچۆی ناوچەكانی كوردستان بكەن‌و لە شارەكاندا نیشتەجێ بن.

لە یاداشتەكەدا كە وێنەیەكی بۆ سپی ناردوە، بێستون فایەق دەنوسێت: هەرچەندە بە پێی یاسا كارپێكراوەكان لە عێراق هاوڵاتیان دەتوانن ناونیشانی پێناسی باری شارستانی خۆیان بگۆڕن، بەڵام زۆربوونی ئەم دیاردەیە كە بەسەدان هاوڵاتی تا ئێستا مامەڵەی گۆڕینی ناونیشانی خۆیان لەعەرەبەوە بۆ كورد كردوە، دەبێتە گرفت بۆ ئێستا‌و داهاتووی كوردستان.




PM:03:04:26/04/2015