سەرۆکایەتی پەرلەمان ئەمڕۆ دوا کۆبوونەوە لەسەر لیژنەی ئامادەکردنی دەستور سازدەکات

سەرۆکایەتی پەرلەمانی کوردستان ئەمڕۆ ٤/٥ دوا کۆبوونەوەی خۆی لەگەڵ سەرۆکی فراکسیۆنەکان لەسەر پێکهێنانی لیژنەی ئامادەکردنی دەستور سازدەکات.

ئەبوبەکر هەڵەدنی سەرۆکی فراکسیۆی یەکگرتوو لەپەرلەمانی کوردستان لە لێدوانێکیدا بۆ سپی میدیا جگە لە دووپاتکردنەوەی گرنگی کۆبوونەوەی ئەمڕۆ وتیشی: دوو بۆچوون لەسەر یەکلاییکردنەوەی ئەم پرسە لەئارادایە، یەکێکیان رای ئێمەو گۆڕان و کۆمەڵ و یەکێتییە کە جەخت لەسەر ئەوە دەکەینەوە کە لەدابەشکردنی ئەو ٢١ کورسیەدا ئیستحقاقی هەڵبژاردن و ئامادەبوونی هێزە سیاسییەکان لەبەرچاو بگیرێت، هەرچی پارتی دیموکراتی کوردستانە جەخت لەسەر ئەوە دەکاتەوە کە هەر چوار حیزبە بچووکەکەی پەرلەمان کە سەرو یەک کورسیان هەیە بەشداربن لە لیژنەکەدا.

سەرۆکی فراکسیۆنی یەکگرتوو ئاماژەی بۆ ئەوە کرد نابێت هێزێک بە سەدان هەزار دەنگی هێناوە پێگەی لەناو لیژنەی دەستوردا لەبەرچاو نەگیرێت و هەقی خۆی پێنەدرێت، بەڵام هێزیكی تر کورسییەکی هەیە هەموو مافێکی پێبدرێت.

هەرچەندە تا ئێستا پرسی دابەشکردنی ئەو ٢١ کەسە یەکلایی نەکراوەتەوە، بەڵام دوا پێشنیار پارتی ٦ کورسی و گۆڕان ٤ کورسی و یەکێتی ٣ کورسی و یەکگرتوو ٢ کورسی و کۆمەڵ ١ کورسی ٢ کورسیش بۆ تورکمان و کلدوئاشور دانراون کە بەرامبەر ئەم دابەشکردنە ئەو حیزبانەی ١ کورسیان هەیە رازینبوون. 
 



AM:10:53:04/05/2015