تا ئێستا هیچ بەنزینێك لە دەرەوە نەگەیشتوتە هەرێم

سەرۆكی لیژنەی سامانە سروشتیەكان لە ئەنجومەنی پارێزگای سلێمانی ئاشكرادەكات تا ئێستا هیچ بەنزینێك لە ئیماراتەوە نەگەیشتوەتە هەرێمی كوردستان.

لەمبارەیەوە غالب محەمەد، سه‌رۆكی لیژنه‌ی سامانه‌ سروشتیه‌كانی ئه‌نجومه‌نی پارێزگای سلێمانی به‌ NNA ڕاگه‌یاند، ئه‌گه‌رچی بڕیاربوو دوێنێ هه‌ینی به‌نزین له‌ئیمارات‌و چه‌ند وڵاتێكی تره‌وه‌ هاورده‌ بكرێت، به‌ڵام تا ئێستا هیچ بڕه‌ به‌نزینێك هاورده‌ نه‌كراوه‌.

وتیشی:"له‌لایه‌ن پێنج كۆمپانیای كوردیه‌وه‌ بڕیاربوو (25) ملیۆن لیتر به‌نزین هاورده‌ی هه‌رێم بكرێت، به‌ڵام ئه‌وانیش تا ئێستا دوو ملیۆنیان هاورده‌كردوه‌".

ئه‌وه‌شی ئاشكراكرد، بڕیاربوو (35) هه‌زار تۆن به‌نزین له‌ئیماراته‌وه‌ هاورده‌ بكرێت، كه‌ هه‌ر تۆنێك به‌نزین هه‌زارو (300) لیتر ده‌كات، به‌ڵام تا ئێستا هیچ به‌نزینێك له‌و وڵاته‌وه‌ نه‌هاتوه‌، هۆكاره‌كه‌شی بۆ كێشه‌ له‌گرێبه‌سته‌كان ده‌گه‌ڕێته‌وه‌.

له‌باره‌ی كۆتاییهێنان به‌قه‌یرانی به‌نزینیش، (غالب محه‌مه‌د) ئاماژه‌ی به‌وه‌دا، تا بازاڕ بۆ به‌نزین‌و سوته‌مه‌نی ئازاد نه‌كرێت، قه‌یرانی به‌نزین چاره‌سه‌ر ناكرێت.



PM:02:49:20/06/2015