ئیسلامیەک سوپاسی شیوعیەک دەکات

سۆران عومەر پەرلەمانتاری کۆمەڵی ئیسلامی سوپاسی ئەبوکاروان سەرۆکی فراکسیۆنی حیزبی شیوعی دەکات‌و دەڵێت "هەمومان قەرزاری ئەبوکاروانین".

لەنوسینێکیدا کە لەپەیجی تایبەتی خۆی بڵاویکردۆتەوە، سۆران عومەر دەنوسێت "  لەکۆبونەوەی دوێنێدا نیسابی یاسایی دەستێپێكردنی كۆبونەوەی پەرلەمان بەم پیاوە  ئەبو كاروانی حزبی شیوعی كۆتایی هات و دەستی پێكرد، سەلماندی خاوەنی بڕیاری سەربەخۆی خۆیەتی و نەكەوتۆتە ژێر هیچ فشارێك بۆیە هەموومان قەرزاری ئەبو كاروانین بەو هەڵوێستەی".

ئەمەش لەکاتیكدا دێت لەکۆبونەوەی دوێنێی پەرلەمانی کوردستاندا کە بۆ خوێندنەوەی یەکەم بۆ پرۆژەی هەمواری یاسای سەرۆکایەتی هەرێم ئەنجامدرا، هەریەکە لە پارتی دیموکراتی کوردستان‌و کەمەنەتەوەیەکان‌و حیزبی سۆسیالست‌و ئارستەی سێیەم هۆڵی پەرلەمانیان جێهێشت‌و گەر ئەبوکاروان بەشداری کۆبونەوەکەی نەکردایە ئەوا نیسابی قانونی تەواو نەدەبو، ئەوەش دەبوە هۆی ئەنجام نەدانی کۆبونەوەکە.


PM:12:19:24/06/2015