سەرۆکی پەرلەمان پڕۆژە بڕیارێکی گرنگی لەبارەی کەرکوکەوە لابرد

دوای ئەوەی بڕیاربوو ئەمڕۆ پێنج شەممە لە دانیشتنی ئاسایی ئەنجومەنەی نوێنەراندا، خوێندنەوەی دووەم بۆ پڕۆژە یاسای هەڵوەشانەوەی بڕیارەکانی ئەنجومەنی باڵای شۆڕشی حیزبی بەعس تایبەت بە کەرکوک بکرێت، بەڵام نەخرایە بەرنامەی کاری پەرلەمانەوە.

لەو بارەوە هۆشیار عەبدوڵا سەرۆکی فراکسیۆنی گۆڕان لە لێدوانێکی رۆژنامەوانیدا رایگەیاند: بڕیاربوو لە دانیشتنی ئەمڕۆی ئەنجومەنی نوێنەراندا خوێندنەوەی دووەم بۆ پڕۆژە یاسای هەڵوەشانەوەی بڕیارەکانی ئەنجومەنی باڵای شۆڕشی حیزبی بەعس( مجلس قیادە الپورە) تایبەت بە کەرکوک بکرێت، بەڵام لە بەرنامەی کاری پەرلەماندا ئەو پڕۆژە یاساییە بونی نەبوو.

ئاماژە بۆ ئەوەدەکات، کە بیانووی سەرۆکی پەرلەمان ئامادەنەبوونی خالید مەفرەجی سەرۆکی لیژنەی هەرێم و پارێزگاکانی ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق بووە لە دانیشتنەکەدا کە خەڵکی کەرکوکە و کەسێکی سونەیە، بۆیە پڕۆژە یاسایەکەی نەخستەووەتە بەرنامەی کارەوە.

هۆشیار عەبدوڵا پاساوەکەی سەرۆکی پەرلەمانی بە پاساوێکی نابەجێ وەسفکرد و وتیشی: پاساوەکە نایاساییە و لەگەڵ پەیڕەوی ناوخۆی پەرلەماندا ناگونجێت.

سەرۆکی فراکسیۆنی گۆڕان دەشڵێ: لە بەرامبەردا سەرۆکی کوتلەکان و ئەندامانی کورد و سەرۆکی کوتلەی جەبهەی تورکمانی ئیمزامان کۆکردۆتەوە بۆ ئەوەی هەفتەی داهاتوو خوێندنەوەی دووەمی پڕۆژە یاساکە لە بەرنامەی دانیشتنی پەرلەماندا دابنرێت.



PM:03:44:30/07/2015