"ماڵپەری ئێن ئار تی هێرشی ئەلکترۆنی لەسەرە"

چەند ڕۆژێکە ماڵپەڕی NRT و پێگەکانی لە تۆڕە کۆمەڵایەتییەکاندا هێرشی ئەلیکترۆنییان لەسەرە و بەو هۆیەوە لەئێستادا هیچ بابەتێکی مەڵپەڕەکە لە تۆڕی کۆمەڵایەتی فەیسبوک بڵاونابێتەوە، بەڕێوبەری ئەو کەناڵەش هۆکارەکەی بۆ چوونە پێشەوەی ماڵپەرەکە دەگەڕێنێتەوە.

ماوەی چەند رۆژێکە ماڵپەری فەیسبوک سەرەڕای ڕێگەنەدان بە دانانی هیچ لینکێکی دیجیتاڵ میدیای NRT، هاوکات هەموو لینکەکانی پێشووتریشی سڕیوەتەوە.

لەوبارەیەوە ئاوات عەلی بەڕێوەبەری گشتیی کەناڵی NRT ڕایگەیاند "دوای ئەوەی ماڵپەڕی NRT بووە یەکەم ماڵپەری کەناڵی تەلەفزیۆنیی لە ڕووی زۆری سەردانکەرەوە لەسەر ئاستی عێراقدا، هاوشێوەی کەناڵەکە کە تەشویش دەخرێتە سەری، ماڵپەڕی NRT ڕووبەڕووی هێرشی ئەلیکترۆنی بووەتەوە".

باسی لەوەش کرد کە تا ئێستا سەرچاوەی هێرشەکەیان نەدۆزیوەتەوە، بەڵام لەگەڵ تیمە هونەرییەکانیان بەردەوامن بۆ چارەسەرکردنی ئەو گرفتە و کۆمپانیای فەیسبوکیان لێی ئاگادار کردووەتەوە.

ئەم هێرشە ئەلیکترۆنییە بۆسەر دیجیتاڵ میدیای NRT دوای ئەوە دێت کە ڕۆژی چوارشەممەی ڕابردوو ماڵپەڕی NRT بووە یەکەم ماڵپەری کەناڵی تەلەفزیۆنیی لە عێراقدا کە زۆرترین سەردانکەری هەیە، بە گوێرەی ڕیزبەندی سایتی جیهانیی ئەلێکسا.


PM:08:42:08/08/2015