هەدەپە: پەكەكە دەبێت یەكلایەنە ئاگربەست رابگەیەنێت
نوێنەرێكی ئیسلامگەرای پارتی دیموكراتیكی گەلان (هەدەپە) رایگەیاند شەڕی پەكەكە لەتوركیا ناڕەوایەو دەبێت یەكلایەنە ئاگربەست رابگەیەنێت. هاوكات داوا لەتوركیاش دەكات ئۆپەراسیۆنەكانی رابگرێت.
"ئاڵتان تان" نوێنەری ئیسلامگەرای شاری دیاربەكر لە پەرلەمانی توركیا لەسەر لیستی پارتی دیموكراتیكی گەلان (هەدەپە) لە لێدوانێكدا بۆ كەناڵی "ئەلجەزیرەی تورك" دەڵێت: حكومەتی توركیا ئامادە نیە پرسی كورد لە رێگەی گفتوگۆو دانوستانەوە چارەسەر بكریـَت، چونكە سیستمی پەروەردە بە زمانی كوردی ئامادە نیە، سیستمی رادەستكردنی دەسەڵات لەناوەند بۆ ناوچە كوردییەكان ئامادە نیە. بەكارهێنانی زمانی كوردی هێشتا جێ نەكەتووە، بارودۆخی كورد لە سەردەمی سلێمان دیمریل تا ئێستا نەگۆڕاوەو ئەمەش چەندین گرفتی دیكە كە حكومەتی توركیا هەنگاوی بۆ هەڵنەگرتووەو جیدی نەبووە.
ئاڵتان تان، پێشنیاری حكومەتی توركیا بۆ چەك دانانی پەكەكە بەهەڵە دەزانێتو دەڵێت: كاتێك كورد لە دەرەوەی سنورەكانی توركیاو لەسوریاو عێراق قسەی یەكەم دەكات، ناكرێت یەكلایەنە بە پەكەكە بڵێیت لەسوریاو عێراق چەك بكرێت.
وتیشی: ئەگەر بمانەوێت لەتوركیا بە تەواوی چەك نەمێنێت، ئەمە پێویستی بە بڕیاری عەبدوڵا ئۆجەلانە.
نوێنەرەكەی هەدەپە هەروەها دەڵێت: شەڕی پەكەكە لە توركیا زۆر هەڵەیە، هاوكات بەكارهێنانی چەك لەلایەن حكومەتی توركیاش هەڵەیە. ئێمە ناڵێن حكومەت چەك بكرێت، بەڵام دەڵێین چارەسەری كێشەی كورد لە سەردەمی بەكارهێنانی چەك كۆتایی هاتووە. دەبێت پەكەكە بە خێرایی ئاگربەستی یەكلایەنە رابگەیەنێتو لە شوێنێكدا دەبێت فیداكاری بكات.
PM:03:01:16/08/2015