دادگا فەرمانی دەستگیرکردنی بۆ لاهور شێخ جەنگی دەرکرد

‌لاهور شێخ جەنگی
لەسەر تەقەكردنی لە خاوەنی گروپی كۆمپانیاكانی نالیا، فەرمانی دەستگیركردن بۆ لاهور شێخ جەنگی بەرپرسی‌ ئاژانسی‌ پاراستن‌و زانیاری‌ هەرێمی‌ كوردستان دەركرا.

بەپێی هەواڵێكی (NRT) لە ڕۆژی 26/10/2013 لە شاری سلێمانی لە نزیک پرۆژەی گەشتیاری چاڤی لاند، لە لایەن چەند کەسێکەوە تەقە لە شاسوار عەبدولواحید خاوەنی گروپی کۆمپانیاکانی نالیا کرا و بریندارکرا، دواتر ناوبراو لەڕێگەی پارێزەرەکانییەوە داوای یاسای تۆمارکرد بۆ دۆزینەوەی تاوانباران.

بەپێی نوسراوێکی دادگای تاوانەکانی سێی سلێمانی ، لەڕۆژی 8/7/2015 دادگای تاوانەکانی سێی سلێمانی پێکهات بە سەرۆکایەتی دادوەر سیروان ئەحمەد ساڵح و بە ئەندامێتی دادوەران حسێن محێدین تەهماس و عومەر ئەحمەد محەمەد کە ڕێگەپێدراون بە دادوەریکردن بەناوی گەلەوە، بۆ پێداچونەوە بە دۆسییەی فەرمانی دەستگیرکردنی لاهور شێخ جەنگی بەرپرسی ئاژانسی پاراستن و زانیاری.

بەپێی ئەو نوسراوەی دادگای تاوانەکانی سێی سلێمانی، دادوەری لێکۆڵینەوەی دووی سلێمانی، لە ڕۆژی 7/4/2015 بڕیاریداوە بە ڕەتکردنەوەی داوای پارێزەر هێرش ئەحمەد قادر لە کە تیایدا داوای کردووە چاوپۆشی بکرێت لە فەرمانی دەستگیرکردنی تۆمەتبار لاهور شێخ جەنگی بەپێی مادەی 405 لە یاسای سزادان کە پێشتر لە لایەن هەمان دادگای کەتنی دووە دەرچوبوو، بەڵام بریکاری تۆمەتبار ڕازی نەبووە و بەوهۆیەوە هەستاوە بە تانە لێدان بۆ هەڵوەشاندنەوەی بڕیارەکەی دادوەری لێکۆڵینەوە.

هەر لە نوسراوەکەی دادگای تاوانەکانی سێی سلێمانی دا هاتووە، سەرنجدرایەوە لە داواکاری پێداچوونەوەکە و لەڕووی بابەتییەوە بینرا بڕیارەکەی دادوەری لێکۆڵینەوە بۆ دەرکردنی فەرمانی دەستگیرکردن بۆ تۆمەتبار لاهور جەنگی بڕیارێکی یاسایی و دروستە، چونکە لە میانەی ووتە وەرگیراوەکان و لەڕێڕەوی لێکۆڵینەوەدا بایی ئەوەندە بابەت خراوەتە ڕوو کە بەهۆیەوە دادوەری لێکۆڵینەوە بگاتە ئەو باوەڕەی فەرمانی دەستگیرکردن دەربکات و سەرجەم ئەو بابەت و ئەو قسە و باسانەی خراونەتەڕوو هەڵبسەنگێنێت، ئەمەش بێ گومان بێ ووتە وەرگرتنی ئەو کەسە نابێت کە پەنجەی تۆمەتی بۆ درێژکراوە.

لە کۆتایی نوسراوەکەی دادگای سێی تاوانەکانی سلێمانی دا هاتووە، بڕیاردرا بە پەسەندکردنی بڕیارەکەی دادوەری لێکۆڵینەوە لە 7/4/2015 بۆ ڕەتکردنەوەی داوای پارێزەری تۆمەتبار و هەروەها بڕیاردرا بە ڕەتکردنەوەی داواکاریی تەمییزەکە و ناردنەوەی پەڕاوەکە بۆ دادگای لێکۆڵینەوە بۆ بەردەوامبوون لە کاری لێکۆڵینەوە و ئاماژە بەوەش دراوە کە ئەم بڕیارە بەزۆرینە لە 8/7/2015 دەرکراوە.



PM:05:47:09/09/2015