وەزیری دەرەوەی سوید لەسەر تورکیا بانگهێشتی پەرلەمان دەكرێت

‌جەبار ئەمین
جەبار ئەمین، پەرلەمانتاری كورد لە پەرلەمانی سوید  (لە فراکسیۆنی پارتی ژینگە) لە یاداشتێكدا داوای بانگهێشتكردنی وەزیری دەرەوەی سوید دەكات بۆ مەحكوم كردنی حكومەتی توركیا سەبارەت بەو تاوانانەی بەرامبەر بەكوردانی باكور ئەنجامیان داوە.

دەقی یاداشتەكە:


بانگێشی وەزیری دەرەوە  مارگۆت ڤاڵستروم



کردارەکانی حکومەتی تورکیا

ڕۆژی ٧/٦/٢٠١٥ هەڵبژاردنی پەرلەمانی تورکیا بەڕێوە چوو. سەرۆکی کۆماری تورکیا، رەجەب ئەردوگان، پێی وابوو کە حیزبەکەی زۆرینەی ڕەها لە پەرلەمان بەدەست دێنێت و لەو ڕێگایەشەوە دەتوانێت دەستور بگۆڕێت و دەسەڵاتی خۆی بەهێز بکات و دەتوانێت ببێت بە سۆلتان، واتە نیمچە دکتاتۆرێک. جگە لەوەش ئەردوگان پێی وابوو کە لە ڕێگای هێرش و ترساندن و بوختان و زۆرداری دەتوانێت ڕێگا لە حیزبێکی مۆدێرن و دیموکراتخواز و فرە نەتەوەی وەک (ه د پ) بگرێت.

بەڵام ئەنجامی هەڵبژاردنەکان شکستێکی گەورەبوو بۆ ئەردوگان. لە لایەکەوە حیزبەکەی ئەردوگان نزیکەی ٧٠ کورسی پەرلەمانی لەدەست دا، و لە لایەکی ترەوە پارتی ( ه د پ ) هاتە نێو پەرلەمان و ٨٠ کورسی وەدەست هێنا. پاش هەڵبژاردنەکان دەرکەوت کە هیچ پارتێکی سیاسی لە نێو تورکیا خوازیارنییە لەبەر غروری سیاسی و کاری تاکڕەوانەی ئەردوگان حکومەتی هاوبەش لەگەڵ پارتەکەی ئەردوگان پێک بێنێت. هەربۆیە ئەردوگان پەنای بردۆتە بەر دەستپێکردنی شەڕێک دژی گەلی کورد لە باکوری کوردستان بە هێوای ئەوەی لە هەڵبژاردنی مانگی ١١ ی داهاتوو دەنگی کەسانی نەژادپەرست و فاشستی تۆرک بەدەست بێنێت. نوسەرێکی سویدی لەم بارەیەوە دەنوسێت کە ئەردوگان ئامادەیە جەنگ بەرپا بکات نەک سازان لەگەڵ حیزبەکانی تر بکات.

چەند هەفتەیەک لەمەوبەر سوپا و پۆلیس و دەزگا ئەمنییەکانی دەوڵەتی تورکیا دەستیان کرد بە کوشتنی خەڵکی سڤیلی کورد، گەمارۆدانی شارو شارۆچکەی کوردی، وێرانکردنی موڵك وماڵی کورد، و زیندانی کردنی چالاکوانی کورد. چەند ڕۆژێکیشە شاری جزیرە لە لایەن سوپای تورکیاوە گەمارۆ دراوە و هێرشی سەربازی لەسەرە. هەر لەم ماویەی دواییدا زیاتر لە ٤٠٠ دەستدرێژی کراوەتە سەر بارەگاکانی پارتی (ه د پ)، و هەروەها هێرش دەکرێتە سەر میدیاکان. هەموو ئەم کردارانە بە ڕەزامەندی ئەردوگانە. بەم جۆرەش چەوسانەوەی سەدساڵی حکومەتی تۆرکیا بەرانبەر بە گەلی کورد لە باکوری کوردستان بەردەوامە بە سەرکردایەتی ئەردوگان.

جگە لەوە سوپاکەی ئەردوگان لەم ڕۆژانە سنوری کوردستانی عێراقی بەزاندووە. هەروەها بە پێی چەند سەرچاوەیەک دوڵەتی تورکیا بە سەرکردایەتی ئوردوگان ماوەیەکی زۆرە هاوکاری داعش دەکات.

بەم شێوەیەش ئەردوگان و ڕژێمەکەی تاوانی دژی یاسا نێودەوڵەتییەکان لە چەند ڕوویەکەوە تۆمار دەکەن. لە لایەکەوە خەڵکی سڤیل دەکوژن، لە لایەکی ترەوە سنوری وڵاتێکی تریان بە نایاسای بەزاندووە و هەروەها پشتگیری تیرۆریسم دەکەن. ئەوەی دەوڵەتی تورکیا ئێستا دەیکات تیرۆرزمی دەوڵەتییە. هەربۆیە گرنگە کۆمەڵگای نێودەوڵەتی سنورێک بۆ ئەم تاوانانە دابنێت.

گرنگە کە نەتەوە یەکگرتۆکان، یەکێتی ئەوروپا و وڵاتانی جیهان، بە سوێدیشەوە، دژ بە تیرۆرزمی دەوڵەتی تورکیا بووەستن. ئەگەر وڵاتانی جیهان ئێستا سنورێک بۆ تورکیا دانەنێن ئەوا مەترسی هەیە تورکیاش توشی جەنگێکی ناوخۆیی ببێتەوە و تراژیدای بەدوای خۆی بێنێت.

زۆر لایەن، و تەنانەت هەندێک لەو دەوڵەتانەی کە نزیکن لە تورکیاوە، ئێستا دژی زەبروزەنگی دەوڵەتی تورکیان بەرانبەر بە کوردەکان. بۆ نمونە دوو ڕۆژ لەمەوبەر باڵوێزخانەی ئەمریکی لە تورکیا ڕایگەیاند کە ئەوان هێڕشکردنە سەر پارتی سیاسی و گروپی ئەتنیکی لە تورکیا مەحکوم دەکەن.

لەژێر ڕۆشنایی ئەو زانیاری و بۆچونانەی سەرەوە  خوازیارم بزانم:

ئایا وەزیری دەرەوە بەتەمایە چی بکات بۆ مەحکوم کردنی کردارەکانی حکومەتی تورکیا؟

ئایا وەزیری دەرەوە بەتەمایە چی بکات بۆ پشتگیریکردنی پێشکەوتنێکی دیموکراسی لە تورکیا؟


جەبار ئەمین
ئەندامی پەرلەمانی سوید (لە فراکسیۆنی پارتی ژینگە)



PM:01:13:12/09/2015