حەشدی شەعبی ئاڵۆزییەكانی خورماتوو دەخاتە ئەستۆی پارتی‌و لایەنە ئیسلامییەكان

لەپاش توندبوونەوەی بارگرژییەكانی خورماتوو لەنێوان هێزی پێشمەرگە‌و میلیشیا شیعەكان، فەرماندەیەكی حەشدی شەعبی هۆكاری ئەم ئاڵۆزییانە دەخاتە ئەستۆی پارتی دیموكراتی كوردستان‌و لایەنە ئیسلامییەكان.

لەمبارەیەوە کەریم نوری وتەبێژی فەرمیی حەشدی شەعبی لەعیراق بە تۆڕی هەواڵی سلێمانیی ڕایگەیاند، ئەو ناوچانەی لەدەست تیرۆریستانی داعش ڕزگارکراون و ھاوبەشن لەنێوان ھەموو ھێزەکاندا، نە موڵکی کوردن و نە موڵکی عەرەب، "بەڵکو موڵکی ھەموانن و بەھەموو ھێزەکانەوە دەپارێزرێن".

سەبارەت بەو ھێزەش کە چۆتە سنوری جەلەولا، کەریم نوری جەختیکردەوە کە بەڵێ ئەوانە سەر بەحەشدی شەعبین، "بەڵام بۆ زیاتر پاراستنی ئەو ناوچە ھاوبەشانەیە لەمەترسی و بەھیچ شێوەیەکیش بۆ بێزارکردن و شەڕفرۆشتن نییەو نابێت بەھیچ ھێزو لایەنێک".

سەبارەت بەدروستبونی گرژیی و ئاڵۆزییەکانی ئەمدوایەی نێوان پێشمەرگەو حەشدی شەعبی بەتایبەت لەخورماتو، کەریم نوری ھێرشیکردەسەر پارتی و چەند لایەنێکی ئیسلامی، ئەو وتی:"ئێمە ئەو ئاڵۆزییە ناخەینە ئەستۆی یەکێتی نیشتیمانی کوردستان، بەڵکو کۆمەڵێک ڕاستیمان بۆدەرکەوتووە".

زیاتر وتی:"ئاڵۆزیەکە دەخەینە ئەستۆی ھەندێ لایەنی ئیسلامی و توندڕەوو، ھەروەھا بەشێک لەکادیرانی پارتی دیموکراتی کوردستان و ھەر ئەوانیشن ماڵ و خانوی ھاوڵاتیان دەسوتێنن".

سەبارەت بەدەستگیرکردنی شۆفێران و ھاوڵاتیانی مەدەنی و بێتاوانیش لەلایەن حەشدی شەعبیشەوە، کەریم نوری پشتڕاستیکردەوە، کە ژمارەیەک ھاوڵاتی دەستگیراون، "بەڵام ئەوە کارێکی ھەڵەیە ئەگەر ئێمە بیکەین یان ھەر لایەنێکی تر، بۆیە ڕاستەوخۆ دوای دەستگیرکردنیان ھەموویان ئازادکراون".

لەبارەی چارەسەری کێشەکانیش لەگەڵ کورد لەسنوری خورماتوو، کەریم نوری وتی:"ڕاستە کێشە لەنێوانماندا دروستبوە، بەڵام بەھیچ شێوەیەک نابێتە ھۆی تێکچوونی پەیوەندییەکانمان لەگەڵ برا کوردەکانمان و بەھەر شێوەیەکیش بێت چارەسەری دەکەین و کۆتایی پێدەھێنین".


لەبەرامبەر ئەو لێدوانەی بەرپرسەکەی حەشدی شەعبی، ئەحمەد شێخ لەنگەری بەرپرسی لیژنەی ناوچەی خورماتووی پارتی، ئەو هەواڵانەی رەتكردەوە‌و جەختیشیکردەوە، "ئەوە ھەوڵێکی چەواشەکارانەیە".

بەرپرسەکەی پارتی لەسنوری خورماتوو ئەوەشی وت:"ئەو ھەواڵە چەواشەکاریانەی بەناوی پارتیەوە بڵاودەکرێنەوە گوایە سەرھەڵدانی ئاژاوەگێڕیەکان و سوتاندنی خانو ماڵی ھاوڵاتیان و ڕفاندنی گەنجانی کورد لەخورماتوو لەئەستۆی پارتیدایە، درۆیەکی گەورەیە".
ئەحمەد شێخ باسی لەوەشکرد، ئەوان وەکو پارتی لەخورماتوو، سەرچاوەی ئەو ئاژاوەگێڕییە نەبوون کە لەخورماتوو سەریھەڵدا، "بەڵکو  تێکدانی ئەمن و ئاسایشی شارەکەو نەھامەتیەکانی دەکەوێتە ئەستۆی حەشدی شەعبی لەخورماتوو، ئەوان دەستپێشخەربوون بۆ ھاتنە ئارای ئەو بارودۆخەی  سەریھەڵداوە".



PM:03:11:15/11/2015