ئەمڕۆ هێرشی تورکیا بۆ سەر سوری ئامەد یەکلاییەکەرەوەیە

لە دوێنێ شەوە سوپای تورکیا گەمارۆی سەر ناوچەی سووری ئامەدی توندکردۆتەوەو دەیەوێت پڕکێشی بکاتە ناو ئەو ناوچەیە، بەرپرسانی هەدەپەش لەشەوە داوا لەخەڵک دەکەن بڕژێنە نێو ئەو شارەوە.

میدیاکانی باکور ئاماژە بۆ ئەوە دەکەن کە سوپای تورک هێزێکی بۆ توندکردنەوە وچوونە ناو سوری ئامەدەوە کۆکردۆتەوە و بەردەوامە لەبۆردومان ئەو شوێنە مەدەنییەوە و دەیەوێت ئەو سەنگەرانە برووخێنێت کە لەدەوری ئەو شارە لێدراوەو بەتەواوی کۆنترۆڵی بکات. 

شەوی رابردوو هاوسەرۆکی ریکخستنەکانی ئامەدی پارتی هەدەپە عەلی شیمشەک لە رێی تویتێکەوە وشیاری دەدات کە پێدەچێ ئەمشەو کۆمەڵکوژی گەورە بکری لە ناوچەی سوری ئامەد، بۆ ئەوەش داوای لە خەڵکی ئامەد کردووە کە بڕژێنە سور بۆ پاراستنی و رێگرتن لە کۆمەڵکوژی.

ئەو بەرپرسەی هەدەپە لە پۆستەکەیدا دەڵێت " بانگەوازی لە هەموو خەڵکی ئامەد دەکەم بۆ رێگرتن لە کۆمەڵكوژی دەبێ بکەونە خۆ، نەک سبەینێ لە هەڵگرتنی تەرمەکان دا با ئەمرۆ لە بەرخودان دا بگەینەوە یەک ".

شەوی رابردووش سەلما ئیرماک هاوسەرۆکی کۆنگرەی کۆمەڵگەی دیموکراتی لە رێێ "مەد نوچە"تیڤیەوە بانگەوازی لە خەڵک کرد و وتی" سبەینێ درەنگە هەر ئێستا دەبێ خەڵک ڕوو لە سور بکەن. کاتی خاوەندارێتیە لە بەرخودانی گەلی کورد لە هەموو جێیەک، ئێستا لە بەرامبەر خەڵکی سور دڕندایەتی بێ سنور پەیڕەو دەکرێ و دەوڵەتی تورک و ئاکەپە بڕیاریان داوە کە بۆ شکاندنی بەرخودانی سور دیوار دیوار بیڕوخوێنن و پێشڕەوی بکەن".

لە ١٢/١١ لەلایەن سووپاو هێزە ئەمنییەکانی تورکیاوە هاتوچۆ لە سەرناوچەی سوری ئامەد قەدەغەکراوە، بەڵام ئەو هێزانە نەیتوانیوە پێشرەوی بکەن و خەندەقەکان تیپەڕێنن، شەوی رابردوو ئەو هێزانە لەهەوڵی ئەوەدا بوون بەتەواوی پێشڕەوی بکەن ئەو شارە کۆنترۆڵبکەن.



AM:10:30:24/12/2015