هێزێکی گەورەی عێراقی گەیشتە مەخمور

کاروانی دووەمی سووپای عێراق کە ‌هێزێکی گەورەیەو زیاتر لە ٦٠ ئۆتۆمبیلی سەربازی جیاجیان، گەیشتنە مەخمور لە رۆژئاوای هەولێر.

سەرچاوەیەکی ئاگادار بە سپی راگەیاند" هێزێکی گەورەی فرقەی ١٥ سووپای عێراق کە ئەمشەو گەیشتنە مەخمور، پاشنیوەرۆی ئەمڕۆ لەکەرکوکەوە جووڵەیان کرد و گیشتنە ئاڵتون کۆپری و، بەپشت شاری هەولێردا ئەمشەو گەیشتنە بنکەی سەرەکی هێزەکانی عێراق لە مەخمور کە بە ژووری ئۆپراسیۆنەکانی سووپای عێراق ناسراوە".

ئەو هێزە زیاتر لە ٦٠ ئۆتۆمبیلی سەربازی جۆراو جۆریان پێیە، هاوکات هێزێکی مغاویریش لە کەرکوکەوە بەڕێکەوتوون و ئەمشەو ئەو ‌هێزەش دەگاتە مەخمور. ( وەک سەرچاوەکەی سپی ئاماژەی بۆ کرد ).

بەپێی زانیارییەکانی سەرچاوەکەی سپی، لەپێش کاروانی ئەو ‌هێزەوە هێزێکی پێشمەرگە پێشرەوایەتی و چاو ساغیان دەکات و لەهەندێک شوێنیشدا پێشمەرگە لەمبەرو بەری رێگاکەوە وەستاوە تا کار ئاسانیان بۆ بکەن.

سووپای عێراق لەسەرەتای ئەم هەفتەیەوە بەمەبەستی ئازادکردنی شاری موسڵ دەستیکردووە بە ‌هێنانی یەکەی سەربازی جیاجیا بۆ ناوچەکانی رۆژئاوای شاری هەولێرو بەپێی هەندێک زانیاری رۆژنامەوانی تا ١٥ی ئەم مانگە عێراق خۆ ئامادەکردنەکانی بۆ ئازادکردنی ئەو شارە تەواو دەکات.

ئەمرۆش نوێنەری سەرۆکی ئەمەریکا بۆ پرسی رووبەرووبوونەوەی داعش، ماکۆرگ، بەئاژانسەکانی هەواڵی راگەیاند " هێرشی ئازادکردنی شاری موسڵ دەستی پێکردووە".
  
.
 

   



PM:08:39:11/02/2016