گۆڕان داوا دەکات متمانە لە کابینەی حکومەت بسەنرێتەوە

لەکۆنگرەیەکی رۆژنامەگەریدا کە لە لەسلێمانی سازکرا گۆڕان داوای سەندنەوەی متمانە لە کابینەی هەشتەمی حکومەت هەرێم دەکات.

لە کۆنگرەیەکی رۆژنامەگەریدا کە گۆران پرۆژەی چاکسازی لە رێگای شۆرش حاجی وتەبێژی بزووتنەوەکە و عەلی حەمەساڵح پەرلەمانتاری ئەو بزووتنەوەیە خوێندرایەوە، ئەو حیزبە جگە لە متمانە سەندنەوە لەحکومەت، داوا دەکەن ئاشتی هەورامی لە وەزیری سامانە سروشتیەکان لە ستاڤی وەزارەتەکەی لاببرێن، هەروەها لێپێچینەوە لە ئەنجومەنی نەوت و گاز بکرێت.

ده‌قی هه‌ردوو پڕۆژه‌ چاكسازییه‌كه‌ی بزوتنه‌وه‌ی گۆڕان:

پێشەکی   هۆکاری سەرەکی دروستبونی قەیرانەکانی هەرێمی کوردستان، هەبونی گەندەڵییەکی بەرفراوانە لە هەمو جومگەکانی حکومڕانی ئەم هەرێمە، کە لە ئەنجامی بونی سیستمێکی خراپ‌و دواکەوتو، کە حیزب‌و بنەماڵە‌و گروپ‌و باند تیایدا باڵادەستە هاتۆتە ئاراوە. ئاکامەکەشی تێکچونی بارودۆخی سیاسی‌و ئابوری‌و کۆمەڵایەتی  بەدوای خۆیدا هێناوە.  
ئەوەی زیاتر باری سەرشانی هاوڵاتیانی هەرێمی کوردستانی گران کردوە ئەو گەندەڵییە ئاشکرایەیە کە لە بواری ئابوری‌و دەستبردن بۆ سەروەت‌و سامانی ئەم وڵاتە ئەنجام دراوە.  لە کاتێکدا ئەمە سامانی هەمو ڕۆڵەکانی ئەم هەرێمەیە بەڵام لە رێگەی ئەو گەندەڵیە رێکخراوەوە سامانی نەوت‌و غاز لە لایەن چەند کەسێکەوە بە تاڵان دەبرێ‌. ئەمە لە کاتێکدایە کە لە ٩٦% سەرچاوەی داهاتی کوردستان لەسەر  نەوت و غازە. هەر ئەم سیاسەتە چەوتەش بیانوی دا بە دەست حکومەتی ئیتیحادی کە بەشە بودجەی هەرێم ببڕێ‌و پەیوەندییەکانی نێوان هەرێم‌و بەغدا بگاتە ئەم ئاستەی ئێستا.   ئێستا پێنج مانگە موچەخۆرانی هەرێم موچەیان پێنەدراوەو زۆربەی هەرە زۆری پرۆژەکان وەستاون‌و خزمەتگوزارییەکان بە شێوەیەکی بەرچاو کەمبونەتەوەو بازاڕی کوردستان پەکیکەوتوە. رۆڵەکانی ئەم وڵاتە لەبری کارکردن بۆ پێشخستنی نیشتمانەکەیان رێگای کۆچ‌و مەرگ دەگرنەبەرو  بۆ رزگاربون لەم هەلومەرجە لە دەریای ئیجەدا دەخنکێن. هەمو ئەمانە کاریگەری خراپی لەسەر پەیوەندییە کۆمەڵایەتی‌و خێزانییەکانی هاوڵاتیان دروستکردوە.
 لەگەڵ هەمو ئەمانەدا، دەسەڵات بێباکانە لەسەر سیاسەتە چەوتەکانی خۆی دەڕواو نە گوێ دەگرێ‌و نە هەنگاوێکی جدیش بەرەو چارەسەر دەنێت. بەڵکو بەردەوامە لە پێشێلکردنی سەروەرییەکان‌و تەجاوزکردنی شەرعیەت‌و هەوڵدان بۆ شکاندنی ئیرادەی گەل. هاوکات سورە لەسەر کودەتاکەی بەسەر شەرعیەتدا‌و پەکخستنی پەرلەمان‌و ئیفلیجکردنی حکومەت.
 دەبێ بوترێ کە پێشترو لە ڕێگەی وەزارەتی داراییەوە پرۆژەیەکی تەواوو کاریگەر ئامادەکرا، بەڵام روداوەکانی ١٢ی ئۆکتۆبەرو رۆژانی دوایی رێگربون لەوەی وەزیری دارایی بتوانێت ئەم پرۆژەیە جێبەجێ بکات. ئێمە جارێکی تر جەخت لەو پرۆژەیە دەکەینەوە کە وەزیری دارایی بۆ کێشە دارایی‌و ئابورییەکان خستیە بەردەم حکومەت.
بزوتنەوەی گۆڕان وەک هەمیشە بە دوای چارەسەری گونجاودا گەڕاوە بۆ دەربازبون لەو قەیرانە یەک لەدوای یەکانەی ئەم دەسەڵاتە دروستیان دەکات.  هەر لەم روانگەیەوە وەک ئەرک‌و بەرپرسیاریێتی نیشتمانیمان لەم دۆخە هەستیارەدا، بە دو پرۆژەی ئابوری‌و سیاسی پێشنیاری چارەسەر دەخەینە بەردەم رای گشتیی‌و لایەنە پەیوەندیدارەکانی هەرێم.  
لە پرۆژە ئابورییەکەدا دو جۆر چارەسەر دەخەینەڕو، کە یەکەمیان چارەسەری ئەم بارودۆخە هەنوکەییەیە بە ناوی (چارەسەری قەیرانی دارایی) و دوەمیان درێژخایەنە بە ناوی (چارەسەری قەیرانی ئابوری)، کە ئەمەیان دواتر دەخەینە بەردەستان.  
چارەسەری قەیرانی سیاسی ئێستای هەرێمی کوردستان گێڕانەوەی شەرعییەت بۆ دامەزراوەکانی هەرێمی کوردستان‌و تێپەڕاندنی ئەم بارودۆخە سیاسییە چەقبەستووە بە گرتنەبەری ئەم رێوشوێنانەی خوارەوە دەکرێت:
1. دەستبەجێ گەڕانەوەی سەرۆکی پەرلەمان‌و دەسبەکاربونەوە‌و کاراکردنی رۆڵی پەرلەمان لە جێبەجێکردنی ئەرکەکانیدا.
2. گێڕانەوەی پرسە چارەنوسسازەکان بۆ پەرلەمانی کوردستان بە مەبەستی تاوتوێکردن‌و چارەسەرکردنیان:
 أ‌. پرسی سەرۆکایەتی هەرێم: بە پشتیوانیکردن لە پرۆژە هاوبەشەکەی چوار فراکسیۆنی پەرلەمان کە سیستمی سیاسی لە کوردستاندا سیستمێکی دیموکراتی پەرلەمانی دەبێت‌و سەرۆکی هەرێم لە لایەن پەرلەمانەوە هەڵبژێردرێت. ئەمەش بە هەموارکردنەوەی یاسای سەرۆکایەتی هەرێم، کە خوێندنەوەی یەکەمی لە پەرلەمان بۆ کراوەو لە ڕێگای ڕێکەوتنی نێوان فراکسیۆنەکانی پەرلەمان کە نوێنەری خەڵکی کوردستان‌و لایەنە سیاسیەکانیشن.
ب‌. پرسی دەستور: دەستبەکاربونەوەی لیژنەی نوسینەوەی دەستوری کوردستان--عێراق لە بەر ڕۆشنایی خاڵی (ا) کە لە ساغکردنەوەی یاسای سەرۆکایەتی هەرێمدا دەبێت دەستور گوزارشتی تەواو لە سیستمی دیموکراتی پەرلەمانی بکات.
 ت‌. پرسی حکومەت: هەڵسەنگاندنی ئەدای حکومەتی هەرێم‌و لێکۆڵینەوە لە قەیرانی دارایی‌و بڕیاردان لەسەر وەرگرتنەوەی متمانە لە کابینەی هەشتی حکومەتی هەرێم، یان گۆڕین‌و بچوککردنەوەو رێکخستنەوەی.
 3. سەربەخۆبونی دەسەڵاتی دادوەری‌و ڕێگرتن لە دەستوەردانی حیزبی‌و بەرپرسە سیاسییەکان، کە تێیدا ڕۆڵ‌و هاوسەنگی پێگەی داواکاری گشتی‌و دەستەی نەزاهە‌و دیوانی چاودێری دارایی دەستەبەر بکرێت.
4. شەراکەتی راستەقینە‌و هاوسەنگی لە دەسەڵاتدا پەیڕەو بکرێت بەپێی هاوکێشەی سیاسی ئێستای هەرێمی کوردستان‌و بەرکەوتەی هەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستان‌و ئەنجومەنی پارێزگاکان بە شێوەی  ستونی‌و ئاسۆیی، وە لە ماوەی دو مانگدا جێبەجێ بکرێت.
5. بە دامەزراوەیی کردن‌و نەهێشتنی شوێنەواری دو ئیدارەیی‌و چاکسازی لە سەرجەم جومگەکانی دەسەڵات‌ (سەرۆکایەتی هەرێم‌و وەزارەتەکان‌و دامەزراوەکانی تر).
6. دەستبەجێ بڕیاری لامەرکەزییەتی پارێزگاکان لە بوارەکانی کارگێڕی‌و داراییدا جێبەجێ  بکرێت.
7. بۆ رێگرتن لە هەژمونی پاوانخوازی هەر حیزب‌و لایەنێکی سیاسی بەسەر پایتەختی هەرێمی کوردستاندا، پێویستە پاراستن‌و ئاسایشی هەولێرو دامەزراوەکانی بە هێزێکی پۆلیسی نیشتیمانی بسپێردرێت.
8. ڕێفراندۆم پرسێکی نیشتمانییە نەک حیزبی، بۆیە پێویستە بڕیاردان لەسەر ئەم پرسە‌و ڕێکارە یاساییەکانی بسپێردرێت بە پەرلەمانی کوردستان‌و رێوشوێنی پێویست بگیرێتە بەر بۆ ئەنجامدانی ریفراندۆم لەسەر سەربەخۆیی کوردستان تا کۆتایی ساڵی ٢٠١٦.
 9. سەرچاوەی سەرەکی داهاتی هەرێمی کوردستان نەوت‌و غازە، ئەم دۆسیەیە ناشەفاف و گرفت ئامێزە. بۆ ئەم مەبەستە پرۆژەیەکی گشتگیری دارایی‌و ئابوری دەخەینەڕو، کە چارەسەری نزیک‌و دورمەودای قەیرانی دارایی دەکات.
 10. دەستەبەرکردنی گەرەنتی تەواو لە روی سیاسی‌و یاساییەوە بۆ دوبارەنەبونەوەی تێکدانی دۆخی سیاسی‌و دیموکراتی هەرێمی کوردستان. بۆ ئەم مەبەستە یاسایەک لە پەرلەمان دەربچێت‌ بۆ تەحریم‌و تەجریمی هەنگاوێکی تری لەو جۆرە کە یاسا پێشێل نەکرێ‌و شەرعیەت لەبار نەبرێ.  پەیوەندی نیشتمانی‌و نەتەوەیی‌و ناوچەیی: پێویستە هەمو هێزو لایەنە سیاسییەکانی هەرێمی کوردستان بەیەکەوە بەرنامەیەکی کارکردن دابنێن بۆ:
1. دروستکردنی پەیوەندی توندوتۆڵ لەگەڵ بەشەکانی تری کوردستان لەسەر بنەمای بەرژەوەندی باڵای نەتەوەیی‌و هاوکاری‌و پشتیوانی یەکتر لەسەر بنچینەی رێزگرتن لە تایبەتمەندی هەر یەکێکیان‌و دەستوەرنەدان لە کاروباری یەکتردا.
ڕێکەوتن لەسەر ستراتیژێکی هاوبەشی کوردستانی سەربەخۆ بۆ دروستکردنی پەیوەندی هاوسەنگ لەلایەن حکومەتی هەرێمی کوردستانەوە لەگەڵ حکومەتی ناوەندو لایەنە هەرێمی‌و نێودەوڵەتییەکان لە روانگەی بەرژەوەندی ئاسایشی نەتەوەیی کوردستانەوە، بە شێوەیەک کە کورد بتوانێ یاریکەر بێت نەک یاریپێکراو چارەسەری قەیرانی دارایی ‌ئێستای هەرێمی کوردستان ئامانج لەم پرۆژەیە هەوڵدانە بۆ دابینکردنی خێراو بەپەلەی سەرچاوەی دارایی بە مەبەستی گێڕانەوەی مافی ڕەوای خەڵک، لە وەرگرتنی سەرەتاییترین مافی خۆیان کە موچەی مانگانەیە، بەم شێوەی خوارەوە:
 1. گێڕانەوەی سامانی کەڵەکەبوی ناشەرعی بەرپرسە باڵاکانی حیزب‌‌و حکومەت‌و کۆمپانیای حیزب‌و لێپرسراوان‌و هاوبەش‌و پشکدارەکانیان، لە بانکەکانی دەرەوەی وڵات بۆ وەزارەتی دارایی.
 2. دەسبەجێ هێنانەوەی داهاتی شیرینی گرێبەستەکانی نەوت‌و غاز بۆ حکومەتی هەرێم، کە بە پێی راگەیاندن‌و لێدوانی بەرپرسە باڵاکانی هەرێم‌و زانیارییەکانی بەردەست، چەند ملیار دۆلارێکە.
3. لابردنی وەزیری سامانە سروشتییەکان‌و ستافەکەی‌و دورخستنەوەیان لە سێکتەرەکانی نەوت‌و غازی هەرێم‌و لێپێچینەوە لە ئەندامانی ئەنجومەنی باڵای هەرێمی بۆ نەوت‌و غاز، لەو کاتەوەی کە هەرێمی کوردستان ئەم سامانەی بەرهەم هێناوە تا ئێستا.
4. دڵنیابون لە بڕی ئەو پارانەی کە لە چەند حسابێکی بانکی وەزارەتی سامانە سروشتیەکان لە دەرەوەی وڵات دانراون‌و گواستنەوەیان بۆ سەر ژمارە حسابێک کە وەزارەتی دارایی لە بانکێکی باوەڕپێکراودا دەیکاتەوە، پاشان داخستنی ئەو ژمارە حسابیانە.  
5. ئاشکراکردنی بڕو نرخی نەوتی فرۆشراوی مانگانە‌و پێدانی پارەکەی بە وەزارەتی دارایی. گێڕانەوەی  داهاتی نەوت‌و غازو بەرهەمەکانیان کە لەساڵی ٢٠٠٤ تا ٢٠١٤ لە رێی تانکەرەوە فرۆشراون‌و نەخراونەتە سەر بودجەی گشتی هەرێم.
 6. گێڕانەوەی خاوەندارێتی‌و داهاتی هەردو پاڵاوگەی کەڵەک‌و بازیان بۆ وەزارەتی بازرگانی‌و پیشەسازی هەرێم کە لە بنچینەدا لە لایەن وەزارەتی پیشەسازی حکومەتی ئیتیحادییەوە بەشی زۆری  دروستکراوە‌و دراوە بە حکومەتی هەرێم نەک کۆمپانیاکانی حیزب، بە رەچاوکردنی پاراستنی مافی ئەو کۆمپانیا ئەهلیانەی بەشداریان لە تەواوکردنیدا کردوە.
 7. ئاشکراکردنی بڕی پارەی فرۆشتنی (ئێڵ پی جی و نەفتا) لە کێلگەی (کۆرمۆر) کە چەندین ساڵە وەزارەتی سامانە سروشتیەکان بە کۆمپانیاکانی بەرپرسان‌و هاوبەشەکانیان دەفرۆشێ،  کە دەبوایە وەک هەقدەست بدرایەتە کۆمپانیای (داناغاز)، کە پێی نەدراوە‌و سەرەنجام هەرێم بەزیاتر لە دو ملیار‌و سەد ملیۆن دۆلار کەوتە ژێر قەرزی کۆمپانیای ناوبراوەوە.  
8. گەڕاندنەوەی سەرجەم داهاتەکانی نەوت لە بانکی کوردستانی نێودەوڵەتیەوە بۆ بانکەکانی حکومەتی هەرێم، هەروەها ئاڵوگۆڕی دۆلار بە دینار لە لایەن تەنها بانکێکەوە قۆرخ نەکرێت.  
9. هەڵوەشانەوەی گرێبەست لەگەڵ کۆمپانیای بەرپرس‌و هاوبەشەکانیان کە بۆ گواستنەوەو ئاسایش (سیکیوریتی) لە کێڵگە نەوتی‌و غازەکاندا وەریانگرتوە. هەرچی مۆڵەتی گواستنەوەیە، بخرێتە کێبڕکێی ئاشکراوەو کۆمپانیای سکیوریتیش، کە ئێستا زۆربەی بەرپرسان‌و کوڕەکانیان خاوەنیانن، بدرێنەوە بە وەزارەتی ناوخۆ. ئەمەش داهاتێکی دارایی باش  بۆ حکومەت دەستەبەر دەکات.
10. دەسبەجێ وەرگرتنەوەی قەرزی حکومەت لای کۆمپانیاکانی کەرتی تایبەت‌، کە زیاتر لە حەوت سەد ملیۆن دۆلار دەخەمڵێنرێ.
 11. دەسبەجێ هەڵوەشاندنەوەی لێخۆشبونی باج‌و باجی گومرگی کۆمپانیاکانی بازرگانی حیزبی‌و  بەرپرسە باڵاکان، کە بەدەر لە یاساو رێنماییەکان بۆیان کراوە.  
12. گەڕانەوەی ئەو بەشە پارەیەی کە لە بەشە بودجەی ساڵانی ٢٠٠٨ بۆ ٢٠١٤ی هەرێم لەلایەن بەغداوە بڕدراوە لە بری نرخی مۆڵەتی کۆمپانیای کۆڕەک تیلیکۆم کە کۆمپانیای پارتیە، پارەکە لە پشکی کورد لە بەشە بودجەی عێراق بڕاوەو مەزەندە دەکرێ بە چەند سەد ملیۆن دۆلارێک.  
13. دەسبەجێ هه‌ڵوه‌شاندنه‌وه‌ی‌ گرێبه‌ستەکانی هەمو كۆمپانیاکانی پشکنین (سۆنەر) و گواستنەوەی وشکانی (مانیفێست)‌و بیمە‌ (دڵنیایی)...هتد. کە لە خاڵە سنورییەکان کۆمپانیای بەرپرسە حیزبییەکان‌و هاوبەشەکانیان دەیبەن بەڕێوە، سپاردنیان بە وەزارەتە پەیوەندیدارەکان‌و رێکخستنیان بە پێی یاسا.
 14. هەڵوەشانەوەی گرێبەستی خزمەتگوزاری‌و کارگۆ لە هەردو فڕۆکەخانەی هەولێر‌و سلێمانی، کە دراون بە دو کۆمپانیای سەر بە پارتی‌و یەکیێتی بە بێ کێبڕکێ‌و بەدەر لە یاساکان.    


PM:06:28:14/02/2016