زانیاریی لەبارەی خەرجکردنی موچەی راگیراوی چوار فەرمانگەکەی هەرێم

لەبەردەوامی بەدواداچونەکانی ئەندامێکی لیژنەی ئاسایش و بەرگری ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق، بۆ خەرجنەکردنی موچەی چوار فەرمانگەی (رەگەزنامەو پاسپۆرت و نشینگە و کارتی زانیاری) لە ئێستاشدا وەزارەتی ناوخۆی بەغدا لەسەر ئەو کێشە دێتە دەنگ.

هۆشیار عەبدوڵا ئەندامی لیژنەی ئاسایش و بەرگری ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق لە لێدوانێکی رۆژنامەوانیدا، رایدەگەیەنێت: سبەی وەزارەتی ناوخۆیی بەغداد بۆ کێشەی موچەی چوارفەرمانگە زیاتر و راستەوخۆ دێتە سەر خەت.

هەروەها ئاماژەی بەوەشکردووە کە وەزارەتی دارایی هەرێم و ئەو کەسەی بە ناشەرعی خراوەتە جێگەی وەزیری دارایی موچەی مانگی ۱۱ پاسپۆرت و نشینگە و کارتی زانیاری راگرتوە.

هۆشیار عەبدوڵا لەبارەی هەوڵەکانی بۆ خەرجکردنی موچەی ئەو فەرمانبەرانە، دەڵێ:  ئەمڕۆ جارێکی تر لەگەڵ وەزارەتی ناوخۆیی بەغداد و بەرێوەبەرایەتی دارایی وەزارەت قسەم کرد پێی راگەیاندم کە سبەی ئەوان وەک وەزارتی ناوخۆ لەگەڵ رەگەزنامەی بەغداد و نوێنەری حکومەتی هەرێم لە بەریوەبەرایەتی رەگەزنامە کۆدەبنەوە بۆ چارەسەری کێشەکە.

پەرلەمانتارەکەی ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق، لە لێدوانەکەیدا ئەوەشی ئاشکرا کردووە، کە ئەو کەسەی بە ناشەرعی خراوەتە جێگەی وەزیری دارایی بڕیاری خەرجکردنی موچەی مانگی 11ی ئەو فەرمانبەرانەی راگرتووە.

لەوبارەوە هۆشیار عەبدوڵا دەڵێ: ئەمڕۆ پەیوەندیەکی زۆرمان پێوە کراوە کە دوێنی وەزارەتی دارایی فەرمانی کردووە موچەی مانگی ۱۱ ی ئەو چوار فەرمانگەیە سەرف بکرێت، بەڵام ئەمڕۆ ئەو کەسەی کە بە ناشەرعی و کودەتا خراوەتە جێگەی وەزیری دارایی بریارەکەی راگرتوە.

هۆشیار عەبدوڵا لە لێدوانەکەیدا وتیشی: ئەو کێشەیە دەبێت چارەسەر بکرێت و چیتر دەسەلاتدارانی هەرێم خۆیانی لێنەدزنەوە، ئەوان خەریکە موچەی ئەوانەش نادەن کە پارەکەی لە بەغدادەوە دێت و دەستی بە سەردا دەگرن.



PM:02:45:15/02/2016