تاڵەبانی: رۆژێك دێت بكوژانی رۆژنامەنووسان بدرێنە دادگا

جێگری سەرۆكی حكومەتی هەرێمی كوردستان لە كونفرانسێكدا لەشاری كەركوك كە لەسەر دۆخی رۆژنامەنوسانی ئەو شارە ساز كرابوو، لەسەر بارودۆخی ئێستای هەرێم‌و عێراق وتارێكی پێشكەش كرد.

قوباد  تاڵەبانی   خۆشحاڵی خۆی دەربڕی  كە پاش ئەو هەموو پلانە نەگریسانەی كە بۆ سڕینەوەی كەركووك دانراون  ئێستا دەتوانرێ‌ لەو شارەدا و لەسایەی پارێزگاری و پاسەوانی پێشمەرگە قارەمانەكان بە ئازادی و سەرەبەستی كۆنفرانسی لەو شێوەیە ئەنجام بدرێت.


قوباد تاڵەبانی وتیشی:  وەك مام جەلال لەساڵی 92 دا گوتی كلیلی چارەسەری كێشەی كەركووك تەنیا كەركووكە و هەر كەركووكیش دەبێت، ئێمەیش لەسەر هەمان رێبازی ئەو هیچكات ناتوانین بیر لە ئایندەی خۆمان و گەلەكەمان بكەینەوە بەبێ كەركووك. بۆیە پێویستە هەرچیمان لەدەستبێت بۆ ئاوەدانی و خۆشگوزەرانی ئەم شارە سڵی نەكەینەوە. چ لە باشتركردنی رەوشی ژیانی خەڵك و چ لە ئاوەدانكردنەوەی زیاتری شارەكە و چ لە پەرەپێدانی رەوشی پێكەوە ژیان لەم پانتاییە كوردستانییە فرە پێكهاتە و فرە جۆرە".


جێگری سەرۆكی حكومەت خۆڕاگری خەڵكی كەركووكیشی كرد كە، بە پشوو درێژی ئەو پێشمەرگانەی بوونەتە قەڵغانی شارەكە و بەرامبەر بە داعش. بەخۆراگری و ئارامگرتنی خەڵكی نزیكەی دووساڵە لە خۆڕاگری بەرامبەر بارگرانییەكانی شەڕی داعش بەردەوامن.



سەبارەت بە سەردانەكەی  بۆ ئەمریكا  قوباد تاڵەبانی  وتی: ئێمە كە هەفتەی پێشوو لە ئەمریكا بووین بەڕوونی هەستمان بەوەكردوە هەموو بەرپرسانی ئەو وڵاتە بە رێز و پێزانینەوە دەڕواننە پێشمەرگەو بەڵێنیاندا كە هاوكارییەكانیان بۆ هێزی پێشمەرگە بەردەوام بێت.


سەبارەت بە دۆخی عێراقیش قوباد تاڵەبانی وتی: لە هەموو ئەو سەنگەرگرتن و جەمسەربەندییانەی ئەمڕۆ لە عێراقدا دروستبووە ئێمە تەرەف نابین و هەوڵدەدەین ئەركی ناوبژیوان و نیوانگیری بەجێ بهێنین و هاوسەنگی بپارێزین.

روونیشی كردەوە كورد بەرلەوەی كە پێكهاتەیەكی سیاسی بێ و خاوەن لیستێكی پەرلەمانی بێ لە بەغدا، گەل و نەتەوەیەكی خاوەن قوربانی و مێژووین، بۆیە ناتوانین دوای بەرژەوەندییە كاتییە سیاسییەكان بكەوین. دۆستایەتی هەموو هێزە سیاسی و پیكهاتە نەتەوەیی و مەزهەبی و كولتوورییەكان بۆ ئێمە ستراتیژ و بنەمای كارمانە، هیچكاتێكیش ئامادە نین لەبەر هیچ بەرژەوەندییەك دەستبەرداری بین و دوای سیاسەتی ئەم و ئەو شكاندن بكەوین.


سەبارەت بە رۆژنامەنووسانیش قوباد تاڵەبانی رایگەیاند : لە حكومەتی هەرێمدا چاومان لە هەماهەنگی و لە رەخنە بنیاتنەرەكانی رۆژنامەنووس و میدیاكارانە تاوەكو بتوانین چاكسازییەكانمان بەشێوەیەكی تەندروست و گونجاو ئەنجام بدەین، لە هەمانكاتدا چاومان لەوەشە كە رۆژنامەنووسانمان بەرپرسانە مامەڵە لەگەڵ دۆخی ئێستای كوردستاندا بكەن.
وتیشی : رۆژێك دێت بكوژانی رۆژنامەنووسان بدرێنە دادگا.



PM:03:48:23/04/2016