عادل موراد: ئەوكارانە لە ئیفلاسبونی سیاسی و ئەخلاقیانەوە سەرچاوەیگرتوە

سكرتێری ئەنجومەنی ناوەندی یەكێتیی نیشتمانیی كوردستان ڕەتیدەكاتەوە ھیچ ڕەخنەیەكی لەھێزەكانی پێشمەرگە گرتبێت و دژی بەرخۆدانی پێشمەرگە لێدوانی دابێت، دەشڵێت:"ھیچ ھێزێك جگە لەھێزی پێشمەرگە بەپیرۆز نازانم".

عادل موراد سكرتێری ئەنجومەنی ناوەندی یەكێتیی نیشتمانیی كوردستان لە روونكردنەوەیەكدا دەربارەی رووداوەكانی خورماتوو رایگەیاندووە: "بەپێویستی دەزانم بۆ ھەمولاییەكی ڕون بكەمەوە، ھیچ ھێزێك جگە لەھێزی پێشمەرگە بەپیرۆز نازانم و دڵۆپێك لەخوێنی شەھیدێكیش زۆر لەلام پیرۆزترە لەھەموو بەرژەوەندییەك یان ئینتماییەكی لاوەكی".


سكرتێری ئەنجومەنی ناوەندی یەكێتیی جەختدەكاتەوە لەسەرئەوەش، شانازیی دەكات كەیەكەم مەفرەزەی پارتیزانی چەكداری ھێزی پێشمەرگەی یەكێتی بوە كە ئەوكات بەفەرماندەیی شەھیدی ئەندازیار ئیبراھیم عەزۆ بوەو لە(١ی حوزەیرانی ١٩٧٦) ھاتونەتەوە خاكی كوردستان بەرەو ناوچەكانی بادینان.


عادل موراد ئەوەشی باشكردوە، "ئێمە خاوەنی ئەو مێژوە پڕ سەروەرییە بین چۆن دوای ٤٠ ساڵ لەخەباتی بێوچان قسەیەك یان لێدوانێك بەناوی منەوە بڵاودەكرێتەوە بۆ لەكەداركردنی متمانەمان بەھێزی پێشمەرگەی كوردستان".


ئەمەش دوای ئەوە دێت كە لە رۆژانی رابردوودا چەند پەیج و ئەكاونتێك بڵاویانكردبوەوە كە گوایە عادل موراد بە هۆی رووداوەكانی خورماتووەوە رەخنەی لە پێشمەرگە گرتووە و پاڵپشتی حەشدی شەعبی كردووە.


لەبارەی ئەو تۆمەتانەش كە بەناوی عادل مورادەوە بڵاوكراونەتەوە، سكرتێری ئەنجومەنی ناوەندی یەكێتیی دەڵێت:"لێرەوە بەگرنگی دەزانم بۆ ڕای گشتی ڕون بكەمەوە، ئەو پەیج و ئەكاونتانە دورونزیك ھیچ پەیوەندیەكیان بەمنەوە نییە".


سەبارەت بەو كەسو لایەنانەش كە ئەوكارانە دەكەن بەناوی ئەوەوە، عادل موراد دەڵێت:"بەوانەش دەڵێم كەدەیانەوێت بێ متمانەیی و دڵەڕاوكێ بخەنە ناو دڵی خەڵكەوە بەبڵاوكردنەوەی ھەواڵی بێبنەماو چەواشەكار، خەیاڵتان خاوەو ئەوكارانە لەمایەپوچی و ئیفلاسبونی سیاسی و ئەخلاقیانەوە سەرچاوەیگرتوەو دەتانەوێت شكستی خۆتان بەمجۆرە ھەواڵە چەواشەكارییانە لەبیری خەڵك بەرنەوە، بەڵام خەڵك ھۆشیارەو بەری خۆر بەبێژنگ ناگیرێت".



PM:02:15:27/04/2016