دوای ساڵێک لە بۆردومان تورکیاو رۆژێک لە تۆپبارانی ئێران، حکومەتی هەرێم راگەیاندنێکی بڵاوکردەوە

ماوەی ساڵێکە تورکیا لەرێگای فڕۆکەو تۆپەوە هەرێم بۆردومان دەکات، رۆژێکیشە ئێران هەرێمی تۆپباران دەکات، حکومەتی هەرێم هاتە دەنگ و بەیاننامەیەکی بڵاوکردەوە.

لەو بەیاننامەی حکومەتدا هاتووە " حكوومەتی هەرێمی كوردستان نیگه‌رانیی خۆی بەرامبەر ئەو زیانانە ڕادەگەیه‌نێت و داوا لە هەردوو دەوڵەتی دراوسێ، كۆماری ئیسلامیی ئێران و كۆماری توركیا دەكات بۆمبابارانكردنی ناوچە سنوورییەكانی هەرێمی كوردستان ڕابگرن. هەروەها حكوومەتی هەرێمی كوردستان پێداگیری لەسەر ئەوە دەكات كە سیاسەتی حكوومەتی هەرێمی كوردستان لەگەڵ دراوسێكانی نەگۆڕە و پابەندە بە دۆستایەتی و یاسا نێودەوڵەتییەكان بۆ پاراستنی ئارامیی سنوورەكانی ئەو دەوڵەتانە و هەوڵدان بۆ ئاشتی و ئارامییەكی بەردەوام بۆ گەلی هەرێمی كوردستان و گەلانی ئێران و توركیا و ناوچەكە".

ئەمەش دەقی ڕاگەیه‌ندراوەكەی سەرۆكایەتیی ئەنجومەنی وەزیرانی هەرێمی كوردستانە:

لە چەند ڕۆژی ڕابردوودا ناوچە سنوورییەكانی هەرێمی كوردستان لەلایەن كۆماری ئیسلامیی ئێران و كۆماری توركیاوە بۆمباباران كران، لە ئەنجامدا ژمارەیەك هاووڵاتیی هەرێمی كوردستان بریندار بوون، هەروەها دەیان گوندنشین ناچار بوون گوندەكانیان چۆڵ بكەن و دەیان مەڕدار و جوتیار و كۆچەریش، ناچار بوون لە كوێستانەكان بێنە خوارەوە و زیانێكی زۆر بەر كشتوكاڵ و ئاژەڵی هاووڵاتیان و ژینگەی هەرێمی كوردستان كەوتووە.

حكوومەتی هەرێمی كوردستان نیگه‌رانیی خۆی بەرامبەر ئەو زیانانە ڕادەگەیه‌نێت و داوا لە هەردوو دەوڵەتی دراوسێ، كۆماری ئیسلامیی ئێران و كۆماری توركیا دەكات بۆمبابارانكردنی ناوچە سنوورییەكانی هەرێمی كوردستان ڕابگرن. هەروەها حكوومەتی هەرێمی كوردستان پێداگیری لەسەر ئەوە دەكات كە سیاسەتی حكوومەتی هەرێمی كوردستان لەگەڵ دراوسێكانی نەگۆڕە و پابەندە بە دۆستایەتی و یاسا نێودەوڵەتییەكان بۆ پاراستنی ئارامیی سنوورەكانی ئەو دەوڵەتانە و هەوڵدان بۆ ئاشتی و ئارامییەكی بەردەوام بۆ گەلی هەرێمی كوردستان و گەلانی ئێران و توركیا و ناوچەكە.

لە هەمان كاتدا ناڕەزاییی خۆمان بەرامبەر بەكارهێنانی خاك و سنوورەكانی هەرێمی كوردستان ڕادەگەیه‌نین بۆ زیانگەیاندن و هێرشكردنە سەر وڵاتانی دراوسێی هەرێمی كوردستان لەلایەن هەندێ لایەنی ئۆپۆزسیۆنی كۆماری ئیسلامیی ئێران و لەلایەن پارتی كرێكارانی كوردستانەوە، داوا لە هەموو ئەو لایەنانە دەكەین كە چیتر خاكی هەرێمی كوردستان بۆ هێرشكردنە سەر دراوسێكانی هەرێمی كوردستان بەكار نەهێنن و ڕێز لە ئارامیی ژیانی خەڵكی هەرێمی كوردستان و پابەندییە یاساییەكان و پەیوەندییە دۆستایه‌تییه‌كانی هەرێمی كوردستان لەگەڵ دراوسێیەكانی، بگرن.

سەرۆكایەتیی ئەنجومەنی وەزیرانی هەرێمی كوردستان
26/6/2016



AM:10:19:27/06/2016