بارزانی لەگەڵ فەرماندە سەربازییەكانی میحوەری مەخمور كۆبووەوە

ئەمرۆ بارزانی سەردانی میحوەری مەخمووری کرد و لەگەڵ فەرماندە سەربازییەکانی ئەو میحوەرە کۆبووەوە و رایگەیاند "یەکڕیزیی هێزی پێشمەرگە و تێکەڵبوونی خوێنی پێشمەرگەکانمان لە سەنگەری بەرگرییدا، بنەمای یەکڕیزیی گەلەکەمانە".

بەپێی هەواڵێکی ماڵپەڕی سەرۆکایەتی هەرێمی کوردستان لەو کۆبوونەوەیەدا وەزیری پێشمەرگە بە وەکالەت، فەرماندەی یەکەی 70 ، بەرپرسانی یەکەی 80 ، فەرماندە مەیدانییەکانی پێشمەرگە، فەرماندەیی هێزی هاوپەیمانان و فەرماندەیی ئۆپەراسیۆنەکانی نەینەوا لە سوپای عێراق و فەرماندەکانی حەشدی نیشتیمانی ئامادەی بوون.

بارزانی بە گەرمی پیرۆزبایی لە فەرماندە و پێشمەرگەکان و ئامادەبووانی کۆبوونەوەکە کردووە و رایگەیاندووە "بۆ نیشاندانی هاوخەمی لەگەڵ خانەوادەی سەربەرزی شەهیدان، بەبۆنەی جەژنەوە هیچ مەراسیمێک ڕێک نەخراوە و بە پێوستم زانیوە لەجیاتی هەموو پێشمەرگە و ماڵە شەهیدان، سەردانی ئەم میحوەرەی هێزی پێشمەرگە بکەم و لێرەوە پیرۆزبایی لە خانەوادەی سەربەرزی شەهیدان و پێشمەرگە قارەمانەکان بکەم".

هەر بەپێی هەواڵەکەی ماڵپەڕی سەرۆکایەتی هەرێمی کوردستان، بارزانی هەروەها رایگەیاندووە: "هاتنم بۆ ئەو میحوەرە لەبەر ئەوە بوو کە لێرە هێزی پێشمەرگە و سوپای عێراق و هێزی هاوپەیمانان پێکەوەن تا پەیامێک بدەنە هەموو جیهان کە ئێمە پێکەوە بەرانبەر دووژمنێکی هاوبەش وەستاوین کە دووژمنی هەموو مرۆڤایەتییە و پشت بەخوا سەرکەوتنی گەورە وەدەست دەهێنین و تیرۆریستان تێکدەشکێنین".

بارزانی لە قسەکانیدا ئامادەبوونی نوێنەرانی بەشی زۆری میحوەرەکان و لیواکانی وەزارەتی پێشمەرگە و فەرماندەییەکانی یەکەکانی 70 و80-ی بە بەڵگەی تەبایی و یەکڕیزیی هێزی پێشمەرگەی کوردستان دانا و گوتی: "یەکڕیزیی هێزی پێشمەرگە و تێکەڵبوونی خوێنی پێشمەرگەکانمان لە سەنگەری بەرگرییدا، بنەمای یەکڕیزیی گەلەکەمانە".

ئامادەکارییەکانی ئازادکردنی موسڵ بەشێک بوو لە تەوەری کۆبوونەوەکە و جەخت لەسەر هاوکاری و هەماهەنگیی لایەنەکان کرایەوە.



PM:07:31:07/07/2016