میهران مودیری سوكایەتی بەهەولێر دەكات

میهران مودیری دەرهێنەری بەرنامە تەلەفزیۆنیەكانی ئێران لە میانەی درامایەكدا سوكایەتی بە هەولێر دەكات‌و بە دواكەوتوو دەیشوبهێنێت.

دراماكە ناوی (دور همی)یەو میهران مودیری كاری دەرهێنانی بۆ كردوە لەیەكێك لەحەڵقەكانیدا میهران مودیری باس لە هەولێر دەكات‌و بەشێوەی گاڵتە دەڵێت "لەكاتی فرۆشتنی بلیتەكانی جامی جیهانیی بەرازیل، فرۆكەیەكی هەڵگری هاندەران بەجێگەی ئەوەی لە بەرازیل‌و شوێنی یارییەكان بنیشێتەوە، لەهەولێر دەنیشێتەوە‌و لە موسافیرخانەیەك بە تلەفزیۆنێكی رەش‌و سپی سەیری یارییەكان دەكەن".

مودیری بەم قسانە باس لە كاری قاچاغ‌و دەستبڕینی هاندەران دەكات‌و ئاماژەش بە دواكەوتووی هەولێر كە هەتا ئێستاش بە تەلەفزیۆنی رەش‌و سپی سەیری یاریەكان دەكەن.

ئەم بەشەی درامای (دور همی) لەناو كوردانی رۆژهەڵاتی كوردستان كاردانەوەی بوو و لە تۆڕە كۆمەڵایەتیەكان هێرشێكی بەربڵاویان كردەسەر میهران مودیری.

وتەكانی مودیری لەكاتێكدایە كە گۆڤاری شپیگڵ ی ئەڵمانی شاری هەولێر بەمجۆرە وەسف دەكات: "سەرەڕای عێراقێك كە توشی توندتیژییەكی زۆر بووە، هەولێر وەك ناوەندێكی گەشتیاریی‌و ناسراو یجیهان، هێمای عێراقێكی نوێیە. سەرجەمی ئەم گەشەسەندن‌و پێشكەوتنانە لەهەولێر لەكاتێكدایە كە عێراق توشی توندوتیژیی‌و نارامییە‌و هەرێمی كوردستان سیمایەكی نوێی لە عێراق نیشان داوە".



PM:05:41:20/07/2016