سەرکردایەتى هاوبەشى گۆڕان و یەکێتى: کارى لەپێشینەمان باشکردنى گوزەرانە

کۆبوونەوەی سەرکردایەتی هاوبەشی نێوان یەکێتی و گۆڕان کۆتایی هات و هەردوولا رایانگەیاند" پێشینەی کارەکانیان چاککردنی گوزەرانی هاولآتیانە"، (بەبێ ئەوەی روونی بکەنەوە ئەو هەنگاوانە چین).

دوا کۆبوونەوەی نێوان گۆڕان و یەکێتی بە بەشداری نەوشیروان مستەفاو هێرۆ ئیبراهیم لەکۆنگرەیەکی رۆژنامەگەریدا کە هەریەک د. ئیسماعیل نامیق و شالآە کۆسرەت بەشداربوون، د. ئیسماعیل وتی" کۆبونەوەکە ئیجابى بو بڕیارى گرنگى تێدا دەرکرا، و بڕیارى ئەوەش درا کە کۆبونەوەکان بەشێوەیەکى خولى بەردەوام بن".

لاى خۆیەوە شاڵاو کۆسرەت رەسوڵ، وتى"پێکەوە ئەو پرسە گرنگانەمان تاوتوێکرد کە پەیوەستە بە ناوخۆى هەرێمى کوردستان و بەغدا و ناوچەکە، لەگەڵ ئەوەشدا تەوەرى سەرەکى کۆبونەوەکەى ئەمڕۆ گفتوگۆکردن بو لەسەر چۆنیەتى باشکردنى گوزەرانى خەڵک و ئومێدەوارین لە ئایندەدا کارى باشتر بکەین بۆ بەرەوپێشچون لەو روەوە".

لە وەڵامى رۆژنامەنوسان و لەبارەى کۆبونەوەى لیژنەى سیاسى سەرکردایەتیەکە لەگەڵ پارتى دیموکراتى کوردستان، د. ئیسماعیل نامیق وتى :"پێشتر بۆ ئەنجامدانى کۆبونەوە داوامان لە پارتى دیموکراتى کوردستان کردوە و هێشتا وەڵامى رونیان نەداوە، ئەگەر بزانین ویستیان هەیە دەتوانین داوایان لێبکەینەوە، ئەگەر ویستى کۆبونەوەشیان نەبێت ئەوە داوایان لێناکەینەوە".

لەبارەى چۆنێتى کۆبونەوە لەگەڵ د. فوئاد حسێن لە ئەگەرى سەردانى بزوتنەوەى گۆڕان کە ئایا وەک شاندى هاوبەش پێشوازى لێدەکرێت یان نا، وتى "ئەگەر بە رەسمى داوامان لێکرا کاک فوئاد سەردان بکات، ئەوا بە فەرمى پێیان رادەگەیەنین کە چۆن پێشوازى لێدەکەین".



PM:06:56:21/07/2016