ئەمڕۆ باڵی هێرۆ ئیبراهیم ئەحمەد کۆدەبنەوە
سپی زانیاری ورد بڵاودەکاتەوە

وا بڕیارە ئەمڕۆ ئەندامانی مەکتەبی سیاسی یەکێتی  باڵی هێرۆ ئیبراهیم لە ماڵی تاڵەبانی لە دەباشان لەباکوری سلێمانی کۆببنەوە.

سەرچاوەیەکی ئاگادار لە یەکێتی نیشتمانی کوردستانەوە بە سپی راگەیاند" کۆبوونەوەکە دوانیوەڕۆ سازدەکرێت و ئەو باڵە هەوڵدەدات زۆترین ئەندامانی مەکەتەبی سیاسی و سەرکردایەتی بەشداری تیا بکەن، بۆئەوەی ئەو وێنەیە بدەن کە باڵی کۆسرەت رەسوڵ و بەرهەم ساڵح کەمایەتین".

بەپێی ئەو زانیاریانە چەند دیمەنێکی کۆبوونەوەکەی باڵی هیرۆ ئیبراهیم لە میدیاکان بڵاودەکرێتەوەو پێشبینی دەکرێت بەیاننامەیەکیش لەلایەن ئەو باڵەوە دەربکرێت.

سەرچاوەکەی سپی ئاماژەی بۆ ئەوە کرد کە تا ئێستا مەلا بەختیار بەرپرسی دەستەی کارگێری کە بەپێی پۆستەکەی دەبێت ئەو سەرکردایەتی کۆبوونەوەکە بکات، یەکلایی نەبۆتەوە بەشداری کۆبوونەوەکە دەکات، یان بەبێ لایەن دەمێنێتەوە.

بەپێی ئەو زانیاریانە ئەگەر ئەو بەشداری نەکات، کۆبوونەوەکە لەلایەن هێرۆ ئیبراهیمەوە بەڕێوەدەبرێت، چونکە عومەر فەتاح کارگێڕی مەکتەبی سیاسی یەکێتی لە دەرەوەی وڵاتە.

سپی زانیویەتی، عومەر فەتاح و شۆرش ئیسماعیل ئەندامی مەکتەبی سیاسی و ئاسۆ ئەڵمانی لەباڵی هێرۆ ئیبراهیم لە دەرەوەی وڵاتن.  



AM:10:50:02/09/2016