خانمێکی کورد: دەبێت خوا چەند لە ژن توڕە بووبێت

شۆخان فەرەج، نووسەر و چالاكی مافی ژنان لە چاوپێکەوتنێکدا دەڵێت دوای ئەو قسانەی تەکفیر دەکرێت و دەڵێت"دەبێ خودا چەندە لە ژن تووڕە بووبێت بۆ ئەوەی حەوا ئادەمی هان داوە سێوەكە بخوات و لە بەهەشت دەربكرێت؟ لەبەر ئەوەیە بڕیاری داوە لەو هەموو پەیامنێرەی ناردوویەتی، تاكە ژنێكیان لەناودا نەبێت".


لە چاوپێکەوتنێکدا کە لەگەڵ ڕۆژنامەی وشە ئەنجامیداوە، شۆخان فەرەج دەڵیت سەبارەت بە جۆرەکانی توندوتیژی دژی ژنان دەڵێت ". ئەو توندوتیژییانەی بەرامبەر بەژن دەكرێت، تەنیا خۆی لە یەك شێوە توندوتیژیدا نابینێتەوە، بەڵكو لە توندوتیژی فیزیكی و دەروونیدا خۆی دەبینێتەوە، تەنیا لێدان توندوتیژی نییە، بەڵكو جنێودان و سووكایەتی پێكردن و بەكەم سەیركردنی تواناكانی ژنان و تەنانەت نەبوونی مافی سێكس بۆ ژن كە بۆی نییە تەداخول بكات لەسەر ئەو مەسەلانەی پێوەندی بە هەردوو رەگەزەوە هەیە، ژنەكە بۆی نییە تەداخول بكات، ئەمەش دیسان دەچێتە خانەی توندوتیژییەوە."

هەروەها دەڵێت " ئەگەرچی بۆی هەیە دوای بڵاوبوونەوەی ئەم دیمانەیە لەلایەن كۆمەڵێك كەسەوە بەكافر ناوم ببرێم. دەكرێت ئێمە لە خۆمان بپرسین ئایا لە سەردەمی زەردەشتدا كورد هەمان داونەریتی هەبووە؟ ئایا ژن لەژێر ناوی نامووسدا كوژراوە؟ ئایا هاوسەرگیری وەك ئێستە بووە؟ بێگومان هەموو وەڵامەكان بە نەخێر دەدرێتەوە، چونكە لە ئاینی زەردەشتیدا ژن و پیاو یەكسان بوون، پێشتر كوڕ و كچ یەكتریان ناسیوە پاشان خۆیان بڕیاری هاوسەرگیرییان داوە. كەواتە داونەریت سەرچاوەكەی ئاینە. لە سەردەمی بابلییەكاندا، لە دوای ئەوەی "مەردۆخ" بە خێرایی هەنگاو بەرەو تاكخودایی دەنێت و پاشان حەزرەتی ئیبراهیم درێژەی پێ دەدات، دەبینین یەكەم كاریان لاوازكردنی پێگەی ژن و كۆیلەكردنیان بووە. دەبێت خودا چەندە لە ژن تووڕە بووبێت بۆ ئەوەی حەوا ئادەمی هان داوە سێوەكە بخوات و لە بەهەشت دەربكرێت؟ لەبەر ئەوەیە بڕیاری داوە لەو هەموو پەیامنێرەی ناردوویەتی، تاكە ژنێك نەكات بە پێغەمبەر. بۆ ئاینی ئیسلام جارێكی تر دێت مامەڵە بەجەستەی ژنەوە دەكات؟ بەڵێن بە پیاو دەدات ئەگەر كاری چاكە بكەن، لەو دنیا حۆرییان پێ دەدرێت. ئەی ئەگەر ژن چاكە بكات دەبێ لەم دنیا چی پێ بدرێت؟ ئایا ئەمانە هەمووی ئاین نییە وا دەكات ژن بێ توانا و بێ دەستەڵات دەربكرێت و ڕێگەخۆشكەر نییە بۆ ژن كوشتن؟"



PM:08:53:26/10/2016