هیلاری دەیەوێت لەگەڵ هاوسەرە سەکسیفۆنژەنەکەیدا بگەڕێتەوە کۆشکە سپییەکە

هیلاری کلینتن، ژنێک کە هەشت ساڵ لە کۆشکێکدا بووە، کۆشکێک بە پێچەوانەی ڕەنگی سەرۆکەکەی ئێستایەوە بە تەواوی سپییە، ئەو بە تەواوی کون و کەلەبەرەکانی ئەو کۆشکە پێدەزانێت، کە تێیدا خانمی یەکەم بووە، بەڵام ئەم جارە دەیەوێت لەگەڵ هاوسەرە سەکسیفۆنژەنەکەیدا بگەڕێتەوە ئەو کۆشکە.

ئەمڕۆ هەڵبژاردنی سەرۆکایەتی ئەمریکا بەڕێوە دەچێت، هیلاری کلینتۆن وەک یەکەم خانم لە مێژوودا چانسی ئەوەی هەیە ببێتە سەرۆکی ئەمریکا، ئەو هاوسەری سەرۆکی پێشووتری ئەمریکا بێل کلینتۆنە، پیاوێکی سەکسیفۆنژەن، کە وەک دەڵێن هەرگیز لەبەردەم ژناندا ناتوانێت زنجیری پانتۆڵەکەی بە داخراوی بهێڵێتەوە، ئەو یەک ساڵ لە دۆناڵد ترەمپی ڕکابەری گەنجترە و جاری سێیەمە خۆی بۆ پۆستی سەرۆکی ئەمریکا دەپاڵێوێت.

ئەو ئێستا تەمەنی ٦٨ ساڵە، بە درێژایی کێبڕکێی بانگەشەی هەڵبژاردنەکان هەمیشە باری تەندروستی و تەمەنی یەکێک بووە لەو بابەتانەی دەنگۆیەکی زۆری بەدوای خۆیدا هێنا ئەو ساڵى ١٩٦٩ چووەتە زانکۆی یاسا لە ییل و لە ساڵى ١٩٧٣دا بڕوانامەى دکتۆراى یاساى لەو زانکۆیە وەرگرتووە.

ئەو خانمێکە کە زۆرێک پێیان وایە کەهاوسەرەکەی خیانەتی لێکردووە، لە ساڵى ١٩٩٨دا و کاتێک ئابڕووچوونەکەى بیل کلینتۆن بۆ پەیوەندى لەگەڵ مۆنیکا لوینسکى بڵاوکرایەوە، هیلارى کلینتن کەوتە دۆخێکى دژوارەوە، زۆر کەس ستایشی خۆڕاگرییەکەیان کرد و پشتیوانیى زۆرى لێکرا، ئەوەش بووە هۆى ئەوەی خۆشەویستی هیلارى لە ناو خەڵکدا بگاتە لەسەدا ٧٠.

ئەو لە ساڵی ١٩٧٥ لەگەڵ بێڵ کلینتۆن ژیانی هاوسەرێتی پێکهێناوە خاوەنی کچێکە بە ناوی چێڵسی کە کچەکەی تەمەنی ٣٦ ساڵە

هیلاری کلینتنلە دواى ١٨ مانگ ململانێى ناخۆیى حزبى بۆ هەڵبژاردنى سەرۆکایەتیى ئەمریکا، لە حەوتى حوزەیرانى ٢٠٠٨ دا ڕایگەیاند لە قازانجى باراک ئۆباما لە خۆپاڵاوتن بۆ پۆستى سەرۆکایەتیى ئەمریکا دەکشێتەوە.
دوابەدواى ئەوەش لە سەرەتاى کانوونى یەکەمى ٢٠٠٨دا لەلایەن باراک ئۆباماوە پاڵێورا بۆ وەرگرتنى پۆستى وەزارەتى دەرەوەى ئەمریکا و لە ٢١ى کانوونى دووەمى ٢٠٠٩دا لەلایەن ئەنجوومەنى پیرانەوە متمانەى پێبەخشرا و بوو بە (٧٦)هەمین وەزیرى دەرەوەى ئەمریکا و دەستى لە پۆستى ئەندامبوون لە ئەنجوومەنى پیران کشاندەوە.

ئێستا هیلاری بووەتە داپیرە، ڕکابەرەکەشی کە ترامپە باپییرەیە، ئەم دوو کاندیدە پیرە ئەمڕۆ کێبڕکێیانە بۆ ئەوەی کە بگەنە کۆشکێک کە وەک دەوترێت دنیای لێوە بەڕێوە دەبرێت.

ماڵپەڕی سپی لە زنجیرەیەک ڕاپۆرتیدا زانیاری سەرنج ڕاکێش لە سەر کاندیدەکان و هەڵبژاردنی ئەمریکا ئەمڕۆ بڵاودەکاتەوە




AM:09:01:08/11/2016