هونەرمەندانی كورد بەم شێوەیە لەسەر هەڵبژاردنی ترەمپ هاتنە دەنگ

هونەرمەندانی كوردستان بەشێوازی جیاواز پەیامی خۆیان بۆ هەڵبژاردنی دۆناڵد ترەمپ خستەڕوو.

هونەرمەندانی كوردستان بەدرێژای ڕۆژی هەڵبژاردنی سەرۆكایەتی ئەمریكا چاودێری ئەنجامەكانیان كردووە و دوای ئاشكرا كردنی بردەنەوەی ترەمپیش ڕای خۆیان بە پەیامێك لە ڕێی تۆڕە كۆمەڵایەتییەكانەوە ئاشكرا كردووە.

 هونەرمەند هەردی سەلاح لەڕێی پەیجە تایبەتەكەی لە تۆڕی كۆمەڵایەتی فەیس بووك نوسیوێتی "دەرچوونی ترەمپ كە هیچ پسپۆری و پاشخانێكی سیاسی نیە، بەو هەموو بێ ئەتەكێتی و سەرشێتی و زمانە بازاڕیەیەوە بەسەر هیلاری خاوەن ٣٠ ساڵ لە تەجروبەی سیاسی و ڕوخساری دیاری سیاسەتی ئەمریكا و دنیا، مانای ئەوەیە لە دنیادا خەڵك وەك و درۆزن و بێ بەهایەك سەیری سیاسیەكان دەكات و باوەڕی پێیان نیە و ئیدی نمایشكار و ئەكتەری سیاسی ناوێ ، كەسێكی دەوێت خۆی بێ ، بێ تەمسیل تەنانەت ئەگەر شێتێكیشبێ".

لای خۆیەوە دەشنێ موراد لەڕێی پەیجەكەی لە ئینستەگرام دڵتەنگی خۆی بە هەڵبژاردنی ئەو كاندیدە دەربڕیوە و ئاماژە یەوە كردووە كە دوای ئەوەی ترەمپ دەبێتە سەرۆكی ئەمریكا ، زۆر دڵی لای هاوڕێ ئەمریكییەكانییەتی و نزا و نوێژیان بۆ دەكات.

لاو نەوید زەردی باسی لەوە كردووە كە بردنەوەی كاندیدی كۆمارییەكان بەهۆی پشتگیری جولەكە و بازرگانانی چەك بووە، بۆیە ئەو پرسەی خۆی ئاڕاستەی ئەمركییەكان دەكات بۆ ئەو بارودۆخەی بەهۆی هەڵبژاردنی دۆناڵد ترەمپەوە تێیدەكەون.



PM:04:50:09/11/2016