ئەمڕۆ دادگاییکردنی دەمیرتاش دەستپێدەکات
هاوسەرو مناڵەکانی سەردانیان کرد

‌کەسوکاری دەمیرتاش لەبەردەم زینداندا
وا بڕیارە ئەمڕۆ دادگایی کردنی سەلاحەدین دەمیرتاش دەستپێبکات بەشداری ئەو لە ڕێگای ڤیدیۆوە دەبێت، هەر دوێنێش هاوسەرو منداڵەکانی لە زیندان سەردانیان کرد.

 وابڕیارە هاوسەرۆکی گشتی هەدەپە، سەلاحەدین دەمیرتاش کە لە بەندیخانەی ئەدرنە بەند کراوە، لە رێگەی دەنگ و ڕەنگەوە بەشداری لە دوو دانیشتن بکات کە سەبارەت بە دوو دۆسیەی جیا کە لە ئەنقەرە و رحا بەڕێوەدەچێ.
 
بەگوێرەی روونکردنەوەی هەدەپە، دەمیرتاش لە رێگەی ڤیدیۆوە بەشداری دوو دانیشتنی دادگا دەکات کە تایبەتن بە دوو دۆسیە لە ئەنقەرە و ناوچەی وێرانشاری رحا، دۆسیەی ئەنقەرە لەسەر ناوی هەدەپە پەرلەمانتاری ماردین مەدحەت سەنجار بەشدار دەبێت، لە دۆسیەی رحاشدا پەرلەمانتاری ئەدەنە مەرال دانش بەشتاش بەشدار دەبێت.

هەر دوێنێ ١٢/٧ دەمیرتاش لە بەندیخانەی ئەدرنە چاوی بە هاوسەرو خووشک و منداڵەکانی و دایک و باوکی کەوت.
 
لەڕێگەی هاوسەرەکەیەوە، دەمیرتاش پەیامێکی بۆ رایگشتی بڵاوکردەوە و رایگەیاند "بەردەوام دەبین لەسەر خەباتی مەدەنی سیاسیی".
دەمیرتاش لە پەیامەکەیدا دەڵێت "لەو خەباتە سیاسییەدا کە پێکەوە بەڕێوەمان دەبرد، ناچاری گۆڕانکارییەکی کاتی لە شوێنەکانماندا کراین. بەڵام سوورین لەسەر خەباتی سیاسیی و لە هەموو کاتێک زیاتر بەجۆش و خرۆشین بۆ کارکردنمان. دەخوازم بە دڵ بڕوا بەمە بکەن".

هاوسەرۆكی هەدەپە دەشڵێت "هەدەپە ئومێدی یەکەمە بۆ تەواوی گەلانی تورکیا. هەستی پێکەوەییی نێوان ئێمە و گەل لە ئاستێکدایە، کە ناتواندرێت لەنێو چوار دیواردا بەندبکرێت".

دەمیرتاش ئاماژەی بەوەشکردووە کە بەردەوامی هاوڕێکانی "لەسەر خەباتی خۆیان ئومێدی پێدەبەخشێت" و، دەڵێت "دەبێت بزاندرێت کە ئەم بەدیلگرتنەم زۆر ناخەیێنێت، گەورەکردنی هەدەپە روونترین وەڵاممان دەبێت بۆ ئەو زیهنەی کە ئێمەی لێرە بەدیلگرتووە".



AM:10:36:08/12/2016