ئافرەتێک لە هەولێر: هاوسەرگیریم کرد بەڵام هەر کچم

 

 

بەڕێوەبەری بەرەنگاربوونەوەی تووندوتیژی دژی ژنان لە هەولێر باس لە کچێک دەکات کە "هەڵخڵەتێنراوە" و لەگەڵ ئەوەی هاوسەرگیری کردووە بەڵام هەر وەک "کچ" ماوەتەوە.

ژیلەمۆ عەبدولقادر بەڕێوەبەری بەرەنگاربوونەوەی تووندوتیژی دژی ژنان لە هەولێر لە وتارێکی نوێیدا باس لە چیرۆکێکی نوێ دەکات و دەڵێت "ئافرەتێك پەیوەندی بە سەنتەری راوێژكاریی خێزانییەوە كرد و گوتی كەسێك هاتە خوازبێنیم، تەنیا دوو جار ئەو كەسەم بینی، جاری یەكەم كە بۆ بینینی من هاتبوون نزیكەی سەعاتێك لە ماڵمان بوو، بەڵام نەمتوانی قسەی لەگەڵ بكەم، هەر لە ماڵەوە لەگەڵ دایكی و دایكم و خوشكەكەم پێكەوە دانیشتبووین. جاری دووەمیش بۆ مارەكردن بوو. ئەو رۆژەش نزیكەی چوار سەعات پێكەوە بووین، كاتێكیش لە دادگا مامەڵەی گرێبەستی هاوژینیمان دەكرد، برایەكی لەگەڵ خۆی هێنابوو، بۆیە ئەوكاتیش بوار نەبوو قسەی لەگەڵ بكەم، بۆیە هیچ شارەزای ئەو كوڕە نەبووم تاوەكو دوای گواستنەوە".

بەڕێوەبەری بەرەنگاربوونەوەی تووندوتیژی دژی ژنان لە هەولێر هەروەها دەڵێت ئەو ئافرەتە كە نزیكەی هەفتەیەك بوو گواسترابووەوە، درێژەی بە بەسەرهاتەكەی دا و گوتی ژیانی بووەتە دۆزەخ، چونكە بۆی دەركەوتووە ئەو پیاوە نەخۆشیی دەروونی هەیە، بۆیە ئەو تاوەكو ئێستاش هەر كچە. جگە لەوە ئەو كوڕە لە ماڵەوە وەكو سفری دوای فاریزەیە و هیچ حیسابێكی بۆ ناكەن. ئێستا بۆی روون بووەتەوە كە فێڵی لێكراوە. لە ترسی لۆمەی خەڵك ناوێرێ‌ داوای تەڵاق بكات و دەڵێن رەنگە عەیبێكی هەبێ‌ بۆیە تەڵاقدراوە.

ژیلەمۆ عەبدولقادر نوسیویەتی "ئافرەتەكە داوای راوێژی لە سەنتەری راوێژكاریی خێزانی دەكرد، ئەوان پێیانگوت ئەگەر زۆر دڵنیای لەوەی مێردەكەت نەخۆشە و فێڵت لێكراوە، داوا تۆمار بكە بۆ جیابوونەوە، ئەمەش بۆ پاشەڕۆژی خۆت باشە و لە بەڵگەنامەی جیابوونەوەت دەنووسرێ‌ "بەهۆكاری ئەوەی مێردەكەی نەخۆش بووە لێی جیابووەتەوە"، لەو حاڵەتەدا كەس ناتوانێ‌ تانەت لێ بدات، هەروەها پێویستە قەناعەت بە دایك و باوكی خۆت بێنی بۆئەوەی قسە لەگەڵ مێردەكەت و خەزوور و خەسووت بكەن لەسەر ئەم بابەتە. هەتا تەواو دڵنیا نەبی داوای جیابوونەوە بە هۆكاری نەخۆشیی دەروونی لەسەر مێردەكەت بەرز نەكەیتەوە، چونكە نەخۆشیی دەروونی پێویستی بە راپۆرتی پزیشكی هەیە لەلایەن لێژنەی پزیشكی و پسپۆڕی تایبەتمەند بڕیاری لێ دەدات".

هەروها ئاماژەی بۆ ئەوە کردوە بۆ یاسای ژمارە 188ی ساڵی 1959ی یاسای باری كەسێتی عێراقی هەمواركراو، لە ماددەی 43دا باس لەوە دەکات"ژن بۆی هەیە داوای جیابوونەوە بكات ئەگەر مێردەكەی بەستراوە (عنین) دەرچوو، یان گرفتار بوو بە نەخۆشییەك كە نەیتوانی ئەركی ژن و مێردایەتی جێبەجێ‌ بكات، چ لەبەر هۆكاری ئۆرگانی، یان لەبەر هۆكاری دەروونی یان لە پەردەكردنی ژنەكەی گرفتار بووبێ‌ و بەپێی راپۆرتی لێژنەیەكی پزیشكی پسپۆڕ سەلمێنرابێت كە چارەسەری نییە، بەڵام ئەگەر بۆ دادگا دەركەوت كە هۆكارەكەی دەروونییە، ئەوا بۆ ماوەی یەك ساڵ جیابوونەوەكەیان دوادەخات بە مەرجێك ژنەكە بتوانێت لەماوەی ئەو ساڵەدا مێردەكەی لەخۆی بێنێتەوە كار".



PM:05:15:29/12/2016