دایکی ئەو کچەی سلێمانی کە لە هێرشەکەی ئیستەنبوڵ بریندار بوو چیرۆکەکە ئاشکرا دەکات

دایکی ئەو کچەی شەوی سەری ساڵ لە شاری ئیستەنبووڵی تورکیا بە گولەی چەکدارێک کە هێرشی کردبووە سەر یانەیەکی شەوانە بریندار کرا ڕایگەیاند "کچەکەم تاوەکو ئێستا بێهۆشە و لەیەکێک لە نەخۆشخانەکانی ئیستەنبوڵ چارەسەری پزیشکی وەردەگرێت".

خانم، دایکی سوسنا، بە ڕووداوی وتووە"سوسنا براکەی لە ئەڵمانیایە، ویستوویەتی مامەڵەی بۆ بکات و بیبات بۆ ئەوێ، دوای ئەوەی لەگەڵ دوو هاوڕێی دەچێت بۆ تورکیا، براکەی دەڵێت سەری ساڵ لەوێ دەکەین و دواتر دەیبەم بۆ ئەڵمانیا، چونکە خێزانی کوڕەکەم خەڵکی ئەڵمانیایە، ئەو بەکچی خۆی نووسیویەتی و لەم رێگەوە ویستوویەتی بیبات بۆ ئەڵمانیا".

لەبارەی ئەوەی چۆن رووداوەکە روویداوە و سوسنا ئەوکات لەکوێ بووە، ڕایگەیاندووە "ئەوکاتەی ئەوان لە ئیستەنبوڵ بوون براکەی لە ئوتێل دەچێتە دەرەوە و پێیان دەڵێت دەگەڕێمەوە بۆلاتان، بەڵام سوسنا تەلەفۆنی بۆمن کرد و پێی گوتم لەگەڵ برادەرەکانم دەچمە دەرەوە".

 دایکی سوسنا دەڵێت دوای ئەوەی ئەوان لە ئۆتێلەکە دێنە دەرەوە و پیاسەدەکەن، ئەوکات تیرۆریستەکە دێتە نێو کۆڵانەکە و دەستدەکات بە دەستڕێژی گوللە، یەکەم کەسیش کچەکەی بەردەکەوێت. ئەو کاتێک بریندار بووە لە دەرەوەی یانەکە بووە، کە چەند کەسێکی تێدا کوژراوە.

لەبارەی تەندروستی ئەو کچەی خەڵکی سلێمانی، دایکی توویەتی "گوللەیەک بەر سنگی کەوتووە و لە پشتییەوە دەرچووە، دوو گوللەی دیکەش بەر شانی کەوتووە، بەڵام تاوەکو ئێستا ئەو بێهۆشەو نەتوانراوە چارەسەری بۆ بکرێت". 

سوسنا رەحیم، لەدایكبووی 1993، كچێكی خەڵكی سلێمانییە و دایکی رەتیکردەوە کە ئەو لەکاتی برینداربوونی لەنێو یانەکەدا بووبێت.

بەڵام هاوڕێیەکی ئەو کچە وتوویەتی "سوسنا رۆژی 28/12/2016 گەیشتووەتە توركیا و بە دایكی گوتبوو ناگەڕێمەوە، لە ئیستانبوڵ خۆم رادەستی UN دەكەم".

لە شەوی سەری ساڵدا 700 كەس لە هۆڵێكی ئاهەنگگێڕان بەناوی (رەینا) لە ناوچەی ئۆرتاكۆی گەشتیاری لە شاری ئیستەنبوڵ ئاهەنگیان دەگێڕا، كاتێك لەناكاو چەكدارێك كە دەگوترێ‌ جلی (بابا نوئێل)ی لەبەردا بووە، خۆی بە یانەكەدا كرد و دەستڕێژی گوللەی لە ئاهەنگگێڕان كرد.



PM:06:48:03/01/2017