عەبادی: هەرێم رۆژانە ١ ملیۆن ٣٠٠ هەزار بەرمیل نەوت دەفرۆشێت بۆ مووچە نادات

سەرۆك وەزیرانی عیراق ئاشكرای دەكات، حكومەتی هەرێمی كوردستان رۆژانە لەنێوان ملیۆن بۆ ملیۆنێك و 300 هەزار بەرمیل نەوت دەفرۆشێت، بەڵام نازانن بۆ پارەكەی نادرێتە فەرمانبەران و پێشمەرگە.

هوشیار عەبدوڵڵا ئەندامی لیژنەی ئاسایش و بەرگری، كە ئامادەی كۆبونەوەكەی عەبادی بووە لەگەڵ ئەندامانی لیژنەی ئاسایش و بەرگری لە ئەنجومەنی نوێنەرانی عیراق، بۆ سپی ئاشکرای کرد، عەبادی لەبارەی نەوتی هەرێمی كوردستانەوە وتویەتی "ئاگادارین هەرێم نزیكەی 20%ی نەوتی عیراق دەفرۆشێت و رۆژانە لەنێوان ملیۆن بۆ ملیۆنێك و 300 هەزار بەرمیل دەبێت، بەڵام بۆ پارەكەی نادرێتە فەرمانبەران و پێشمەرگە؟". 

ئەو پەرلەمانتارە کوردەی گۆڕان ئاماژە بۆ ئەوە دەکات، سەرۆك وەزیرانی عیراق رونیشیكردۆتەوە، شارۆچكەی حەویجە مەترسیەكی جدیە لەسەر كەركوك و وتویەتی "ویستمان پێش موسڵ ئازادی بكەین، بەڵام لایەنی كوردی رێگربون، جارێك لە كەركوك كێشەیان دروست دەكرد و جارێك دەیانوت هەولێر كێشەكەیە. هەروەك د.نەجمەدین كەریم پارێزگاری كەركوك وتویەتی كێشەكە هەولێرە واتا ئەوان كارئاسانی و ئامادەیی ئازادكردنی ئەو قەزا مەترسیدارەیان نەكردوە و هاوكار نەبون".
 
عەبادی دەشڵێت "زۆربەی ئەو كێشانە لەبەر نەوتەكەی كەركوك دروست دەكرێن".

هۆشیار عەبدوڵڵا زانیاری زیاتری لەبارەی قسەكانی عەبادی بڵاوكردۆتەوە، كە وتویەتی "توركیا و هەولێر ترسیان لە پەكەكە هەیە و ئێمە سیاسەتمان رونە و بە توركیامان وتوە ناهێڵین خاكی ئێمە بۆ دژایەتی ئێوە بەكاربهێنرێت، بەڵام پێشمان راگەیاندون ئێمە شەڕی پەكەكە ناكەین و دژایەتی ئەوان ئیشی ئێمە نییە و ئەو عیراقیانەش كە لایەنگری ئەوانن بە تایبەت ئێزدیەكان ئێمە رێگریان لێناكەین و تەدەخولی فكر و لایەنگریی سیاسی هیچ كەسێك ناكەین".

ئەو وتانەی عەبادی لەمیانی كۆبونەوەیەكیدا بووە لەگەڵ ئەندامانی لیژنەی ئاسایش و بەرگری لە ئەنجومەنی نوێنەرانی عیراق، كە ئێوارەی دوێنێ بەڕێوەچووە و تێیدا بەرپرسانی سەربازی و ئیداریی وەزارەتەكانی بەرگری و ناوخۆ و ئاسایشی نیشتمانیش بەشداربون.



PM:12:08:15/01/2017