بە وێنە.. ئەو ژورەی تێیدا دەستدرێژی سێکسی کراوەتە سەر کچانی کورد

سەرۆکی دەزگای ئێزدیان ئاشکرایکردووە لە شارۆچکەی قەرەقوش ناوەندی قەزای حەمدانییە لە ٧ ژووری تایبەتدا پاشماوەی جلوبەرگی کچانی ئێزدی ھەن، لەو ژوورە تایبەتانەدا چەکدارانی داعش دەستدرێژی سێکسییان کردووەتە سەر کچانی کوردی ئێزیدی.

حەسۆ ھۆرمی سەرۆکی دەزگای ئێزدیان لەھۆڵەندا بە باسی ڕاگەیاندووە "دیمەنی جلوبەرگی کچانی کوردی ئێزدی لەنێو ژوورە تایبەتەکاندا لە دەڤەری قەرەقوش ویژدانی مرۆڤایەتی دەھەژێنێ، بە گوێرەی قسەی فەرماندەکانی سوپای عیراقیش، لە دەڤەری قەرەقوش لەنێو ٧ ژووری تایبەتدا چەکدارانی رێکخراوی تیرۆریستی داعش زۆردارییان دەرھەق بە کچانی ئێزدی کردووە، لەو ژوورانەدا جلوبەرگی کچانی ئێزدی ھەیە."

وتووشییەتی کە شاندێکی نێودەوڵەتیی تایبەت بە جینۆساید سەردانی ئەو ژوورە تایبەتانەی کردووە لە دەڤەری قەرەقوش، بۆ دیکۆمێنتکردنی جلوبەرگی کچانی ئێزدی و ئەو کەرەستانەی لەنێو ئەو ژوورە تایبەتانەدان، کە بە تەنیشت کڵیسەیەکەوەیە لە شارۆچکەی قەرەقوش، ئێمە داوا دەکەین ئەو شوێنە بپارێزرێ تا ھەموو رواڵەت و نیشانەکانی جینۆساید بە دیکۆمێنت بکرێن.

حەسۆ ھورمی ڕاشیگەیاندووە لەنێو ژوورەکانی تایبەتی بەندکردنی ژن و کچانی ئێزدیدا جلوبەرگ و شوێنەواری کچانی ئێزدی دیارن، واش دیارە کە تیرۆریستان ئەو ژن و کچانەیان لەگەڵیان خۆیان بردووە و بەسەر چەکدارانی خۆیاندا دابەشیان کردوون بۆ کاری خراپ و دوور لە رەوشتی مرۆڤایەتی، چونکە لەو ژوورە تایبەتانەدا ھەموو شتێک دەبیندرا.

دەرمان خەتاری بەڕێوەبەری نووسینگەی کاروباری رفێندراوان لە پارێزگای دھۆک هەر لەسەر هەمان پرس ڕایگەیاندووە "تیرۆریستانی داعش زوڵم و زۆرێکی گەورەیان لە کچ و ژنان کردووە، مخابن کۆمەڵگەی نێودەوڵەتی تا ئێستا ھیچ ھەنگاوێکی بۆ رزگارکردنی رفێندراوانی کوردی ئێزدی نەھاویش​تووە، بە پشتیوانیی راستەوخۆی سەرۆکی حکوومەتی ھەرێمی کوردستان ھەتا ئێستا پتر لە ٢٨٠٠ کچ و ژن و منداڵی رفێندراو رزگار کراون.

جەختیشیکردووەتەوە کە ئەوان داوا دەکەن دەوڵەتانی بیانی، بە شێوەیەکی باشتر کار لە سەر دۆسێی جینۆساید بکرێت و گوشار بخرێتە سەر بەغدا بۆ پێشکەشکردنی ھاوکاری و ئاسانکاری، چونکە زوڵم و زۆردارییەکی گەورە لە کوردی ئێزدی کراوە.



PM:09:21:17/01/2017