پێنج ڕێکخراو لەسەر قەدەغەکردنی ڕوماڵی ئێن ئاڕ تی یاداشتێک بڵاودەكەنەوە

پێنج ڕێکخراوی بواری مافی ڕۆژنامەنووسی لە یاداشتێکدا نیگەرانی خۆیان لە بڕیارێکی ئەنجومەنی وەزیران دەردەبڕن بۆ قەدەغەکردنی ڕووماڵ لە کەناڵی ئێن ئاڕ تی لە ئەنجوومەنی وەزیران و وەزارەتی پێشمەرگە".

لە یاداشتەکەدا کە ئەمڕۆ 14/4 بڵاوکراوەتەوە هاتووە "چوار مانگە بە نیگەرانییەوە لە بڕیاری حکومەتی هەرێمی کوردستان دەڕوانین کە روماڵکردنی هەموو چالاکییە رەسمییەکانی  ئەنجومەنی وەزیران و سەرۆکایەتی هەرێم و پێشمەرگەی لە کەناڵی ئێن ئارتی قەدەخەکردووە، بەپێی ئەو زانیارییانەی لە دامەزراوەی میدیایی نالیاوە دەستمانکەوتوون ئەم بڕیارە هێشتا هەر کارایە".

لە یاداشتەکەدا ئاماژە بەوەشکراوە "ئەمە لەسایەی یاساگەلێکەوە پیادەدەکرێن کە ئامرازەکانی راگەیاندن لەمجۆرە کارانە دەپارێزن، وەک یاسای کاری رۆژنامەنووسی ژمارە ٣٥ بۆ ساڵی ٢٠٠٧ ، ئەم یاسایە نوێنەرانی گەلی کورد، واتە ئەندامانی پەرلەمان دەنگیان بۆداوە و لە خاڵی چوارەمی مادەی ٧ دا دەڵێت (رۆژنامەنووس مافی هەیە لە کۆنفرانس و چالاکییە گشتییەکاندا ئامادەبێت، هەروەها یاسای بەدەستهێنانی زانیاری دەیانگرێتەوە)".

ئاماژە بەوەشکراوە "بەم هۆیەوە ئێمە بڕیاری قەدەخەکردنی ڕوماڵکردنی چالاکییە رەسمییەکانی حکومەت و سەرۆکایەتی هەرێم لە کەناڵی ئێن ئار تی دژ بەم یاسایە دەبینین، سەرئەنجامیش ئەم بڕیارە لە ناوەوە و دەرەوەش ناوبانگی حکومەتی هەرێم لەکەداردەکات، ئەوە لەکاتێکدایە حکومەت لە هەموو بۆنەکاندا جەختی لە مافی رادەربڕین کردووەتەوە".

یاداشتەکە دەڵێت " ئەم رێکخراوە عێراقی و کوردستانیانەی ئەم یاداشتنامەیەیان واژۆکردووە وای دەبینن ئەقڵ نایبڕێت کە ئامرازێکی راگەیاندنی کوردستانی کە خاوەنی جەماوەرێکی فراوان و بینەرێکی زۆرە لەناوەوە و دەرەوەی هەرێم روماڵکردنی چالاکییە رەسمییەکانی حکومەت و سەرۆکایەتی هەرێمی لێ قەدەخەبکرێت و رێگە لە گەیشتنی زانیارییەکان بە جەماوەرەکەی بگیرێت".

ڕێکخراوەکان دەشڵێن "ئەم رێکخراوانەی لەخوارەوە واژۆیانکردووە داوا لە بەڕێز نێچیرڤان بارزانی سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان و بەڕێز قوباد تاڵەبانی جێگری سەرۆکی حکومەتی هەرێم دەکەن کە بە شەخسی کار بۆ هەڵگرتنی ئەم قەدەخەیە بکەن کە لەسەر کەناڵی ئێن ئار تی سەپێنراوە، بۆ ئەوەی کەناڵەکەش بەکاری خۆی هەستێت لە روماڵکردنی چالاکییە رەسمییەکانی حکومەت و سەرۆکایەتی هەرێم، ئەمەش وادەکات کە ڕێز لە یاساکان بگیرێت و پابەندبوون بە جێبەجێکردنیان نیشان بدرێت و جەماوەرێکی فراوان لەبارەی ئەم چالاکییە حکومییانەوە ئاگاداری هەبێت".

یاداشتەکە ئارستەی نێچیرڤان بارزانی سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان و قوباد تاڵەبانی جێگری سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان کراوە.

ئەو لایەنانەی ئەم یاداشتەیان ئیمزاکردووە...
سەندیکای نیشتیمانی رۆژنامەنووسان لە عیراق

سەندیکای رۆژنامەنووسانی کوردستان- سلێمانی

سەنتەری میترۆ بۆ داکۆکیکردن لە مافی رۆژنامەنووسان

روانگەی ئازادییە رۆژنامەنووسییەکان

کۆڕبەندی راگەیانکارە عێراقییەکان



PM:02:40:14/02/2017