هێزە ئەمنییەکان لە بەردەرکی سەرای سلێمانی بلآوەیان پێکراوە

بۆ بەرگرتن لەهەر خۆپیشاندانێک بە بۆنەی ساڵیادی خۆپیشاندانەکانی ١٧ ی شوبات، هێزێکی ئەمنی زۆر لەبەردەرکی سەرای سلێمانی بلآوەیان پێکراوە. 

ئەمڕۆ لە یادی یەکەم رۆژی خۆپیشاندانەکانی شوباتی ٢٠١١ کە دژی گەندەڵی و نەبوونی ئازادی سازکرا، لە مەترسی ئەنجامدانی خۆپیشاندانی نوێ هێزە ئەمنییەکان بەژمارەیەکی زۆر ڕژاونەتە بەردەرکی سەرای سلێمانی کە لەلایەن خۆپیشاندەرانەوە لەو دەمەدا بە "سەرای ئازادی" ناسێنرا.

ئەو هێزانە جگە لە بلآوبوونەوەیان لەو مەیدانەدا کە بەسەنتەری شاری سلێمانی هەژمار دەکرێت و شوێنیکی سومبلیە بۆ خەڵکی سلێمانی، رێگا نادەن خەڵک و رۆژنامەنووسان لەو مەیدانە کۆببنەوە.

ساڵی ٢٠١١ لە رۆژی ١٧ ی شوبات ژمارەیەکی بەرچاو لە گەنجانی سلێمانی دەستیان بە خۆپیشاندان کردو دواتر بە خۆپیشاندان چوونە سەر لقی چواری پارتی دیموکراتی کورستان لە نزیک باخی گشتی، دوای ئەوەی خۆپیشاندران بە وتارووتنەوە و بەرد تێگرتن چوونە سەر بارەگای لقەکە، چەکدارەکانی ئەو بارەگایەش تەقەیەکەی زۆریان کرد بەنێو خۆپیشاندەرانداو گەنجیکیان کووشت بەناوی" ڕێژوان "و بەدەیانی تریان بریندار کرد و ئەم خۆپیشاندانانە بۆ ماوەی ٦٣ رۆژ بەردەوام بوو.

ئەم خۆپیشاندانانە هاوکات بوو لەگەڵ ئەو خۆپیشاندانانەی بەناوی بەهاری عەرەببیەوە کە لەچەند ولآتێک سازکراو جەند رژیمێکی دیکتاتۆری ناوچەکە رووخان و، لەجەند ولآتیکیش وەک سوریاو یەمەن و بەحرەین خۆپیشاندانەکان لەلایەن دەستەلآتدارانی ئەو ناوچانەوە وەرگێڕدران بەرەو توندوتیژی و شەڕی ناوخۆ. 
 
 


AM:11:49:17/02/2017