پارێزگاری كەركوك لەبارەی هەڵكردنی ئاڵای كوردستانەوە وەڵام دەداتەوە

پارێزگاری كەركوك لەبارەی هەڵكردنی ئاڵای كوردستانەوە ڕایگەیاند، وڵاتانی دەوروبەر بۆیان نییە دەست وەربدەنە كاروباری ناوخۆی كەركوك و ئەو پرسە پرسێكی ناوخۆییەو سوریشین لەسەر بڕیاری خۆمان .

ئەمڕۆ ٢٢ی ئازاری ٢٠١٧، نەجمەدین كەریم پارێزگاری كەركوك سەبارەت بە هەڵكردنی ئاڵای كوردستان بە ئێن ئاڕ تی ڕاگەیاندوە "ئێمە سورین لەسەر بڕیاری خۆمان و وڵاتانی دەوروبەر بەهیچ شێوەیەك بۆیان نییە دەست لە كاروباری ناوخۆی كەركوك وەربدەن".

پارێزگاری كەركوك، ڕاشیگەیاندوە "لە دەستوریشدا بەهیچ شێوەیەك باس لەوە نەكراوە لە ناوچە جێ ناكۆكەكان هەڵكردنی ئاڵای كوردستان سەرپێچی یاسا بێت".

نوێنەرایەتی نەتەوە یەكگرتوەكان "یۆنامی" دوێنێ نیگەرانی خۆی دەربڕی سەبارەت بە بڕیاری ئەم دواییەی نەجمەدین كەریم پارێزگاری كەركوك، بە هەڵكردنی ئاڵای كوردستان لەسەر قەڵای كەركوك.

لە بەیاننامەیەكدا نوێنەرایەتی نەتەوە یەكگرتووەكان لە عێراق ئاماژەی بەوەكردووە، حكومەتی عێراق بە گوێرەی دەستور پێشتر ئاماژەی بەوەكردووە، شاری كەركوك لەچوارچێوەی دەسەڵاتەكانی حكومەتی فیدراڵیدایە و نابێت بێ ئاگاداری ئەو جگە لە ئاڵای عێراق هیچ ئاڵایەك لە پارێزگاكە هەڵبكرێت.

لە بەشێكی دیكەی بەیاننامەكەدا یۆنامی هۆشداریداوە لە هەر هەنگاوێكی تاك لایەنانە، كە ببێتە هۆی مەترسی بۆسەر ئەو پێكەوە ژیانی ئاشتیانەیەی كە لە كەركوكدا لەنێوان پێكهاتەكانی ئەو شارەدا هەیە، بەو پێیەی كەركوك شوێنی پێكەوەژیان و كاری هاوبەشە لە قۆناغی دوای داعش و كاركردن بۆ بنیاتنانی گیانی یەكڕیزی و هاوكاری لەنێوان سەرجەم پێكهاتەكانی شارەكە لە جەنگی دژی داعش.

ئەوە لەكاتێكدایە نەجمەدین كەریم پارێزگاری كەركوك، بە نوسراوێك كە بە فەرمی لە ١٤ی ئازاری ٢٠١٧ دا ئاراستەی ئەنجومەنی پارێزگای كەركوكی كرد، داوایكردووە ئاڵای كوردستان لە پاڵ ئاڵای عێراقدا لە سەرجەم فەرمانگە حكومییەكانی پارێزگاكە هەڵبكەن.



PM:02:51:22/03/2017