دەست لەكاركێشانەوەی پارێزگار كاردانەوەی لێكەوتەوە

ئەندامێكی یەكێتی لە ئەنجومەنی پارێزگای سلێمانی لەبارەی دەست لەكاكێشانەوەی سەردار قادر هاتە دەنگ و پێشی وایە ناكرێت حكومەتی خۆجێی قەرزاری دوكانداری ناوبازاڕ بێت.

ڕێكەوت زەكی، ئەندامی ئەنجومەنی پارێزگای سلێمانی لە فراكسیۆنی یەكێتی دەست لەكاركێشانەوەی  سەردار قادر لە پۆستی پارێزگاری سلێمانی بە چاوەڕوانكراو وەسف دەكات و ڕایدەگەیەنێت "پوختەی هۆكاری دەست لەكاركێشانەوەی پارێزگار نەبونی دەسەڵاتی پێویستی كارگێڕی و داراییە، بچوكی و پشتیوانی و كەمی كۆمەكە لەبەرامبەر تەحەدای قەیرانە زۆرەكاندا هەروەها گرفتی ئـاوی دوكان، پەروەردە، كارەبا و چەندین گرفتی تر، لەڕاستیدا ئـێمە لەناوەڕاستی قەیراێكی بێ سەمەرداین بەبێ ئـەوەی تروسكایی ئـومێدمان لێدیاربێت".

ڕێكەوت زەكی لەدرێژە ئەو پۆستەیدا كە لە ئەكاونتی خۆی لە تۆڕی كۆمەڵایەی فەیسبووك بڵاویكردۆتەوە دەڵێت "بەڕای بەندە ئـەم هەڵوێستە پێویستی بەنرخاندنە، دەبێت ئـیستیسمار بكرێت بۆ فشاری گەورە لەپێناو دەسەڵاتی دارایی و كارگێڕی بۆ حكومەتە خۆجێیەكان، نەك وەك ڕاكردن تەماشا بكرێت، وردتر بڵێم دەبوو دەستلەكاركێشانەوەی كۆی حكومەتە خۆجێیەكەبێت نەك تەنیا سەری هەرەمەكە".

زەكی پێیوایە قبوڵنەكردنی لاوازی و بێدەسەڵاتی پێویستە بكرێتە مۆدێل بۆ هەموو خاوەن كورسیەكان و دەڵێت "ناكرێت حكومەتی خۆجێی قەرزاری دوكانداری ناوبازاڕ بێت و هێشتا بۆی پێبكەنین!! مەگەر قەرارمان وایە ماڵمان پڕبێت لە ڕازیانەو بە دەردی سك ئـێشە بمرین!!".

نیوەڕۆی ئەمڕۆ 2ی ئایار سەردار قادر، پارێزگاری سلێمانی دەست لەكاركێشانەوەی لە پۆستەكەی ڕاگەیاند و ئاشكرایكرد لە ئێستادا تەنیا هەڵسوڕاوێكی بزووتنەوەی گۆڕانە.



PM:03:44:02/05/2017