حكومەتی هەرێم بەفەرمی بڕیار لەسەر كەمكردنەوەی پاشكەوتی موچە دەدات

وتەبێژی فەرمیی حکومەتی هەرێمی کوردستان ڕایگەیاند، هەوڵەکانی حکومەت بۆ کەمکردنەوەی ڕێژەی پاشەکەوتی موچە بەردەوامە و ئێستا حکومەت هەوڵدەدات مانگانە موچەی فەرمانبەران دابین بکات.

سەفین دزەیی، گوتەبێژی فەرمیی حکومەتی هەرێمی کوردستان لە میانی گفتوگۆیەکی لەگەڵ کەناڵی (کوردستان 24)، باسی لە هەوڵەکانی حکومەت‌ بۆ کەمکردنەوەی پاشەکەوتی موچەی فەرمانبەران کرد و ڕایگەیاند: ”ئێستا هەوڵەکانی حکومەت‌ ئەوەیە کە بەباشترین شێوە مانگانە موچەی فەرمانبەران بەو ڕێژەیەی کە پاشەکەوت کراوە، دابین بکرێت، لە هەوڵەکانیشی بەردەوام بێت کە پێداچوونەوە بە ڕێژەی پاشەکەوتدا بکرێت، بە ڕێژەیەک دەستکاری بکەن کە خەڵکی بتوانن ژیانی خۆیان دابین بکەن".

وتیشی: سەرجەم داهاتی نەوتی هەرێمی کوردستان بە یەک جار بۆ کوردستان ناگەڕێتەوە و هەندێکجار دەبێت چەند ڕۆژێک لە چاوەڕوانیکردنی هاتنی داهاتی نەوت بمێننەوە. 

ئاماژەی بەوەشدا:  ”40%ی موچەخۆرانی کوردستان وەک پێشمەرگە و ئاسایش و ئەوانەی دیکە، 100٪ی موچەکەیان وەردەگرن، بەڵام خانەنشین و هەندێک خەڵکی دیکە زۆرتر زەرەرمەند بوون، لەگەڵ ئەوەشدا داهاتوو ئومێد بەخشە".

لە سەرەتای ساڵی 2016ەوە تاوەکوو ئێستا، حکومەت‌ی هەرێمی کوردستان بە پێی پلەی وەزیفی و ساڵانی خزمەت، بەشێک لە مووچەی فەرمانبەران و مووچەخۆرانی هەرێمی کوردستان بە ڕێژەی نێوان (15 بۆ 75٪) کەم کردووەتەوە و تاوەکوو ئێستاش ئەو پاشەکەوتە بەردەوامە.



PM:12:33:25/05/2017