ناڕەزاییەکان لەسەر دەستگیرکردنی ئاوات عەلی بەڕێوەبەری ئێن ئاڕ تی فراوان دەبن

سەنتەری میترۆ بۆ داکۆکیکردن لە مافی ڕۆژنامەنوسان ڕایگەیاند لەبڕیارى دادگاى لێکۆڵینەوە مافى سکاڵاکار پارێزراوە و مافى تۆمەتبار نەپارێزراوە، هەروەها داواشى کردووە بەزوترین کات ئازاد بکرێت، هاوکات لە بەردەم نوسینگەی ئێن ئاڕ تی لە هەڵەبجە گردبوونەوەیەک ئەنجامدرا و داوای ئازادکردنی ئاوات عەلی کرا.
ئەمڕۆ یەکشەممە ئاوات عەلی بەڕێوەبەری گشتی کەناڵی ئێن ئاڕ تی و جێگری سەرۆکی دامەزراوەی میدیایی نالیا چووە بەردەم دادگای کەلار و بڕیاردرا دەستبەسەربکرێت تا ڕۆژی ٧ی ئەم مانگەش، هەر ئەمڕۆش پەیامنێری ئەو کەناڵە ئارام بەختیار دوای ١٤ ڕۆژ دەستگیرکردنی ئازادکرا، ئەمەش لەسەر بڵاوکردنەوەی ڕاپۆرتێک دێت لەسەر کەسێک کە دادگا بە ١١ ساڵ زیندانی سزای دابوو بە تۆمەتی دزیکردن.
 
سەنتەرى میترۆ ئەوەشى وتووە، بەرێوەبەری سەنتەرەکە لەگەڵ سكاڵاكار دادوەر ئەكرەم فەرەج بۆ ماوەی زیاتر لە كاتژمێرو نیوێك گفتوگۆیان كرد سەبارەت بەم كەیسە "دادوەر ئەكرەم بەڵێنی بە میترۆ دا كە جگە لە مافی یاسای خۆی بەهیچ شێوەیەك تەداخول لە كەیسەكەدا نەكات و كاریگەری دروست نەكات لەسەر رێڕەوی دادگایكردنەكە."
هەر لەو ڕاگەیەندراوەدا هاتووە داوا دەكەین بە پێی یاسای كاری رۆژنامەنوسی ژمارە ٣٥ ی ساڵی ٢٠٠٧ مامەڵە لەگەڵ ئەم كەیسەدا بكرێت "دەبێت ئاوات عەلی  بەكەفالەتی پارێزەرەكەی ئازاد بكرێت".

ئاوات عەلی یەکێکە لە ڕۆژنامەنووسە دیار و بەناوبانگەکانی کوردستان و پێشتر لە ڕۆژنامەی هاوڵاتی کاریکردووە و بەڕێوەبەری سەنتەری میترۆ بووە بۆ داکۆکی کردن لە ڕۆژنامەنووسان و بەڕێوەبەری گشتی کەناڵی ئێن ئاڕ تی و جێگری بەڕێوەبەری دامەزراوەی میدیایی نالیاوە.
ئاوات عەلی لە ٦ ی کانوونی دووەمی ١٩٨٤ لەدایکبووە، بڕوانامەی ماستەری لە زانکۆی ئەمەریکی لە سلێمانی بەدەستهێناوە.



PM:05:06:04/06/2017