"کۆبوونەوەی مەکتەبی سیاسی یەکێتی شکستی خوارد"

کۆبوونەوەی دوێنێی مەکتەبی سیاسی یەکێتی نیشتمانی کوردستان بەهۆی ناکۆکیەوە لەسەر ئەو ناوانەی بۆ وەرگرتنی مۆڵەتی حیزبەکان لە بەغدا یەکێتی پێشکەشی کردووە، شکستی خوارد.

سەرچاوەیەکی ئاگادارو بەرپرسی یەکێتی بە سپی راگەیاند" دوێنی ٥ ی حوزەیران، کۆسرەت رەسوڵ جێگری یەکەمی سکرتێری گشتی یەکێتی رەخنەی لە باڵی هێرۆ ئیبراهیم گرتووە کە ئاگای لەو ناوانە نییە کە لە بەغدا بۆ مۆڵەت وەرگرتنی یەکێتی پێشکەش کراون، ئەمەش بۆتە مایەی شکستخواردنی کۆبوونەوەکە".

ئەو سەرچاوەیە وتی" کۆسرەت رەسوڵ جەختی لەسەر ئەوە کردۆتەوە کە چۆن دەبێت، یەکێتی مۆڵەت وەربگرێت و ریزێک ناو وەک دامەزرێنەری یەکێتی پێشکەش بە بەغدا بکرێت، بەلآ ئەم هیچ زانیارییەکی لەسەر نەبێت، لە ئەنجامی ئەمە بۆتە دەمەقاڵێ و کۆبوونەوەکە شکستی خواردووە".

کۆتایی مانگی رابردوو میدیاکانی یەکێتی بلآویان کردەوە کە حیزبەکەیان مۆڵەتی کارکردنیان لە حکومەتی عێراق وەرگرتووە، بەلآم ئەوەی سەرنج دەدرا وەک ماڵپەڕی "سپی میدیاش" بلآویکردەوە ئەو ناوانەی یەکێتی نیشتمانی کوردستان وەک دامەزرێنەری حیزبەکەیان پێشکەشی کردووە، ناوی هیچ کام لە جێگرانی سکرتێری گشتی تێدا نییە.

بەپێی ئەو بەڵگەنامەیەی سپی بلآویکردەوە ئەو ناوانەی یەکێتی وەک دامەزرێنەری حیزبەکەیان پێشکەشی کردوون هەریەک لە  ( جەلال تاڵەبانی، حکمەت محەمەد کەریم " مەلا بەختیار "، هێرۆ ئیبراهیم، محەمەد فواد مەعسوم، عومەر فەتاح، عادل موراد، عەبدولرەزاق عەزیز، شۆڕش ئیسماعیل)،  ئەوەی سەرنجدەدرێت لەنێو ئەو ناوانەدا ناوی کۆسرەت رەسوڵ و بەرهەم ساڵح وەک جێگرانی سکرتێری گشتی یەکێتی تێدا نەبووەو، زیاتر تەمسیلی باڵی هێرۆ ئیبراهیمی کردووە، دوێنێش ٥ ی حوزەیران ئەم کێشەیە بۆتە هۆی شکست پێهێنانی کۆبوونەوەی مەکتەبی سیاسی.

وا بڕیار بوو دوێنێ لە کۆبوونەوەی مەکتەبی سیاسی یەکێتیدا کە لە سلێمانی سازکرا، گفتوگۆ لەسەر وەلآمەکەی پارتی بۆ نەخشە رێگاکەی یەکێتی بکرێت، هەروەها وادەی کۆبوونەوەی سەرکردایەتی دابنرێت، بەلآم بەهۆی ئەو کێشەیەوە کۆبوونەوەکە شکستی هێنا.

بۆ زانیاری زیاتر ئەم لینکە بکەرەوە.. 



AM:09:24:06/06/2017