سەرۆکی حیزبێکی کوردستان وازی لە پۆستکەی هێنا

سەرۆکی پارتی ئازادی کوردستان کە پارتێکی رۆژهەڵاتی کوردستانە، بەهۆی نەخۆشی و هەڵكشانی تەمەنییەوە دەستی لە کارکێشایەوە.

دەفتەری سەرۆکایەتی ئەو حیزبە لە بەیاننامەیەکدا کە بۆ هێز و لایەنەکان و نوێنەری وڵاتان و قونسلگەرەکان بڵاوکراوەتەوە تیایدا هاتووە" سەبارەت بە دەست لە كاركێشانەوەی بەڕێز عەلی قازی محەمەد لە سەرۆكایەتی پارتی ئازادیی كوردستان بە ئاگاداری خەباتگێڕانی ریزەكانی پارتی ئازادیی كوردستان، هێز و لایەنە كوردستانییەكان، نوێنەران و كۆنسوڵگەریی وڵاتان لە باشووری كوردستان و سەرجەم بیروڕای گشتیی دەگەیەنین كە بەڕێز عەلی قازی محەمەد سەرۆكی پارتی ئازادیی كوردستان، لە سەر بڕیار و داوای خۆی بە هۆی هەڵكشانی تەمەن، ناساغی و پێویستیی پێڕاگەیشتن بە باری سڵامەتیی؛ چی دیكە ناتوانێ ئەركی سەرۆكایەتی بەڕێوە بەرێ و دەست لە ئەركی سەرۆكایەتی پارتی ئازادیی كوردستان هەڵدەگرێ". 

سەبارەت بەو کەسەی جێگای کوڕەکەی سەرکردەی دیاری کورد، قازی محەمەد دەگرێتەوە، لە راگەیاندراوەکەدا هاتووە"لە حاڵەتێكدا بە هەر هۆكارێك، سەرۆك توانای بەڕێوەبردنی ئەركەكانی نەبوو (جێگری سەرۆك) جێی ئەو دەگرێتەوە"؛ بەڕێز حوسێن یەزدانپەنا جێگری سەرۆك جێی سەرۆكی پارتی ئازادیی كوردستان دەگرێتەوە".

پارتی ئازادی کوردستان کە پارتێکی نزیک پارتی دیموکراتی کوردستانی عێراقە، لە هێرشەکانی داعشەوە بۆ سەر باشووری کوردستان بە پاڵپشتی هێزەکانی پارتی بەشدارن لەو شەڕەدا لەبەرەکانی نزیک هەولێر و کەرکوک.
  
دەقی راگەیەنراوەكە 
ئاگادارییەك لە دەفتەری سەرۆكایەتیی پارتی ئازادیی كوردستانەوە

سەبارەت بە دەست لە كاركێشانەوەی بەڕێز عەلی قازی محەمەد لە سەرۆكایەتی پارتی ئازادیی كوردستان بە ئاگاداری خەباتگێڕانی ریزەكانی پارتی ئازادیی كوردستان، هێز و لایەنە كوردستانییەكان، نوێنەران و كۆنسوڵگەریی وڵاتان لە باشووری كوردستان و سەرجەم بیروڕای گشتیی دەگەیەنین كە بەڕێز عەلی قازی محەمەد سەرۆكی پارتی ئازادیی كوردستان، لە سەر بڕیار و داوای خۆی بە هۆی هەڵكشانی تەمەن، ناساغی و پێویستیی پێڕاگەیشتن بە باری سڵامەتیی؛ چی دیكە ناتوانێ ئەركی سەرۆكایەتی بەڕێوە بەرێ و دەست لە ئەركی سەرۆكایەتی پارتی ئازادیی كوردستان هەڵدەگرێ. 

بۆ پڕكردنەوەی جێگەی سەرۆك و بەڕێوەبردنی ئەركەكانی، بە پێی بەندی حەوت لە مادەی پازدەی پێڕەوی ناوخۆی پارتی ئازادیی كوردستان كە دەڵێ :"لە حاڵەتێكدا بە هەر هۆكارێك، سەرۆك توانای بەڕێوەبردنی ئەركەكانی نەبوو (جێگری سەرۆك) جێی ئەو دەگرێتەوە"؛ بەڕێز حوسێن یەزدانپەنا جێگری سەرۆك جێی سەرۆكی پارتی ئازادیی كوردستان دەگرێتەوە.

هەر بەم بۆنەیەوە ئێوارەی ئەمڕۆ لە رێوڕەسمێكدا لە بەرەكانی جەنگ لە ناو ئاپۆرای هێزەكانی پێشمەرگەدا، بەڕێز عەلی قازی محەمەد پاش پێشكەشكردنی وتەیەك و رادەستكردنی ئاڵای كوردستان و ئاڵای پارتی ئازادیی كوردستان بە بەڕێز حوسێن یەزدانپەنا، ماڵاوایی لە فەرماندە و هێزەكانی پێشمەرگەی پارتی ئازادیی كوردستان خواست و بەڕێز و حورمەتەوە لە لایەن فەرماندەی گشتی و ئەندامانی فەرماندەیی و ژمارەیەك لە یەكەكانی هێزەكانی پێشمەرگەوە بەڕێ كرا.

پارتی ئازادیی كوردستانPAK
دەفتەری سەرۆكایەتی
٢٦ی جۆزەردانی ٢٧١٧
١٦ی ژووئەنی ٢٠١٧



PM:02:50:17/06/2017