رۆشنبیرێکی گەورەی کورد کۆچی دوایی کرد

رۆشنبیر و زمانناسی گەورەی کورد ئەمیری حەسەنپوور لە دوورە وڵاتی لە کەنەدا گیانی لەدەستدا.

ئەمڕۆ شەممە ٢٤ ی حوزەیران پرۆفیسەر ئەمیری حەسەن پور تەمەنی 74 ساڵیدا لە کەنەدا کۆچی دوایی کرد. 

ئەمیر حەسەنپوور یەک لە نووسەر و تیۆری زانە ناسراوەکانی کورد لەبواری زمانناسی و مەدەنیەت و ناسیۆنالیزم و وەک چەپێکی نەتەوەیی بڕوای وابوو دەبێ ناسیۆنالیزمی کوردی بە دیدێکی رەخنەییەوە پێداچوونەوە بە پێکهاتەی خۆیدا بکات.

حەسەنپوور یەکێکە لە تیۆری داڕێژەرە هەرە دیارەکانی زمانناسی کە چەندان تێز و نامە و توێژینەوەی لەسەر زمان و چەمکەکانی وەک نەتەوە و دیموکراسی و مەدەنیەت و جینۆساید نووسیوە.


لە ساڵی 1943لە شاری مهاباد لەدایک بووە و لە شەستەکانی سەدەی رابردوو بەکالۆریۆسی لە زمانی ئینگلیزی لە تاران وەرگرتووە و لە ساڵەکانی نیوان 1968 بۆ 1972هەردوو تێزی ماجستەر و دکتۆرای لەسەر زمانناسی لە زانکۆی تاران پێشکەش کردوە.

هەر لەو ساڵەدا لە لقی پێوەندییەکانی زانکۆی ئیلینیۆی دەستی کردووەتەوە بە خوێندن و لە ساڵی 1989 لە لقی زمانناسی کۆمەڵایەتی و مێژوویی هاوچەرخی کەنەدا لەژێر ناونیشانی "هۆکاری زمان لە گەشەکردنی نەتەوەدا – ستاندارد کردنی زمانی کوردی 1918-1982" دکتۆرایەکی تری وەرگرت.

لە ساڵی 1986 بەملاوە لە زانکۆکانی وێندسۆر، کۆنکۆردیا، تۆرنتۆ، مامۆستای وانەبێژ بووە و لێکۆڵینەوەی لەسەر جۆرەکانی رەخنە و بزووتنەوە کۆمەڵایەتییەکان و ناسیۆنالیزم و جینۆساید بڵاو کردووەتەوە، هاوکات چەندان وتار و لێکۆڵینەوەی لەسەر ئاشتی، مافەکانی مرۆڤ، ستانداردکردنی زمان نووسیوە و ئەندامی کۆمەڵەەی ئاشتی نێودەوڵەتی بووە.




PM:11:40:24/06/2017