سەگێک پۆستی سەرۆکی شارەوانی وەرگرت

لەیەکێک لە گوندەکانی ویلایەتی کنتاکی ئەمەریکا، بۆ جاری چوارەم سەگێک دەبێتە سەرۆکی شاراوەنی ئەو گوندە، ئەمەش دوای ئەوەی لە پرۆسەیەکی دەنگداندا دەیباتەوە.

خەڵكی ئەو گوندە چەند ئاژەڵێکیان پاڵاوتبوو بۆ ئەوەی پۆستی سەرۆکی شاراوەنی ئەو گوندە ببەنەوە، بەڵام دواجار سەگێک توانی زۆرینەی دەنگەکان بۆ خۆی بەدەستبهێنێت و سەرکەوتن بەسەر پشیلەو گوێدرێژ و مریشک چەندانی تردا بهێنێت کە ئەوایش یەکێک بوون لە پاڵێوراوەکان.

خاوەنی ئەو سەگە خانمێکە بەناوی جۆردی بامفۆرس، لەلێدوانێکیدا بۆ رۆژنامەنووسان دەڵێت "زۆر ئاسوودەم بۆ جاری چوارەم سەگەکەم دەبێتەوە بە سەرۆکی شارەوانی، سێ ساڵ سەرۆکی شاراوەنی گوندی رابیت هاش بووە کە 125 کیلۆمەتر لە باکووری شاری لیکسینگتۆنەوە دوورە".

کەسێکی تر بەناوی بۆبی کایسەر لە کۆمەڵەی مێژوویی ئەو شارە کاردەکات و دەڵێت "ئەم هەڵبژارنە لە کۆتاییەکانی نەوەدەکانی سەدەی رابردووەوە بەردەوامی هەیە، ئامانجیش بۆ کۆکردنەوەی پارەیە بۆ کاری خێرخوازی، هەرکەسێکیش بیەوێت دەتوانێت دەنگ بدات و لەپێناو هەر دەنگدانێکیش بڕی دۆلارێک وەردەگیرێت".

ئەو پارەیەی کۆکراوەتەوە لەو هەڵبژاردنەدا بۆ کاری نۆژەنکردنەوەو بەرەوپێشبردنی ئەو گوندە تەرخان دەکرێت.

سەگەکە ناوی برینیس باولترۆیەو لە جۆری بیتبۆڵ-ە.



PM:11:17:25/06/2017