ئەنجومەنی زانكۆی سلێمانی موچە‌و دەرماڵەی مانگەكانی پشوی هاوینە بەتەواوی بۆ خۆیان خەرج دەكەن

ئەنجومەنی زانكۆی سلێمانی لەكۆبوونەوەیەكی خۆیدا، كە سەرەتای ئەمساڵ ئەنجامدراوە، بڕیار دەدات لەداهاتی زانكۆی سلێمانی سەرۆكی زانكۆ‌و یاریدەدەران‌و راگر‌و سەرۆكی سكۆڵەكان موچەی تەواوی سەرجەم مانگەكانی پشووی هاوینە وەربگرن.

 بە پێی كۆنوسی ژمارە 13ی ئەنجومەنی زانكۆی سلێمانی كە بەرواری 18/1/2017ەی لەسەرە‌و دەست سپی كەوتووە، ئەنجومەنی ناوبراو بڕیاریداوە موچە‌و دەرماڵەی تەواو بدرێت بە ئەندامانی ئەنجومەنی زانكۆ كە پێكدێن لە: سەرۆكی زانكۆ‌و یاریدەدەران‌و راگر‌و سەرۆكی سكۆڵەكان، لە داهاتی خودی زانكۆی سلێمانی.

بەپێی ئەو كۆنوسەكە ساڵی پار جێبەجێكراوە‌و پێشبینش دەكرێت ئەمساڵیش هەمان بڕیار جێبەجێ بكرێتەوە، بەدەر لە سیستەمی پاشەكەوتی موچە ئەنجومەنی زانكۆ، موچە‌و دەرماڵەی تەواوی مانگەكانی پشویی هاوینە وردەگرن.

داهاتی زانكۆكانی كوردستان بە زانكۆی سلێمانییشەوە پێكهاتووە لەو پارەیەی لەبری بەشەناوخۆییەكان لە خوێندكاران وەردەگیرێت، لەگەڵ ئەو پارانەی كە لە خوێندكارانی ماستەر‌و دكتۆرا وەردەگرێن.

لەحاڵەتی ئاسایی‌و پێش پەیڕەوكردنی سیستەمی پاشكەوتی موچە، ئەنجومەنی زانكۆكان لە مانگەكانی پشوی هاوینەدا، بۆ هەر مانگێك دوو موچە‌و دەرماڵەیان وەردەگرت، بەڵام لەگەڵ بڕیاری سیستەمی پاشكەوتی موچەدا، وەك هەموو فەرمانبەرانی تر دەوڵەت، موچەی ئەمانیش كەمكرانەوە، بەڵام بە پێی ئەو كۆنوسەی دەست سپی كەوتووە، ئەنجومەنی زانكۆ بۆ ساڵی پار موچە‌و دەرماڵەی تەواویان بۆ مانگەكانی پشوی هاوینە وەرگرتووە. (لەبری دوو مانگ هەژماركردن، یەك مانگیان وەرگرتووە).



PM:03:39:03/07/2017